بەرپرسێکی کورد لە سوریا دەڵێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هاوپەیمانێتی لەشکری بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا سەبارەت بەو بەڵێنەی پـێـیان داربوو کە سزاکانی ئەمەریکا بەسەر حکومەتی سوریا ناوچەکانیان نەگرێتەوە.
واشنتن دەڵێت گەمارۆ ئابوریـیەکان، ئەوەی هەفتەی رابردوو خرانە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاماژەی دەستپێکێکی هەڵمەتێکی فشاری بەردەوامی ئابووری و سیاسیە بۆ سەر بەشار ئەسەد بۆ راگرتنی جەنگ لە سوریا و ڕازیبوونی بە چارەسەرێکی سیاسی.
بەدران چیا کورد، جێگری هاوسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گوتی؛ سزاکانی ئەمەریکا کاریگەری لەسەر ناوچەکەیان دەبێت بەو پـێـیەی مامەڵەی بازرگانی دەکات لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و دراوی سوری (لیرە) بەکاردەهێنن کە لە ئێستادا بەهاکەی دابەزیوە.
چیا کورد گوتیشی سزاکان دەبنە مایەی بەرزبوونەوەی بەهای کاڵاکان بە ئەندازەیەکی زۆر و هەروەها چالاکی بازرگانی لە نێو خۆی سوریا لاوازدەکات، گوتیشی لەلایەکی ترەوە خاڵەکانی پەڕینەوەش بۆ عێراق داخراون.
هەروەها گوتی "ئەوان پێیان گوتین سزاکانی ئەمەریکای ناسراو بە قەیسەر Caesar ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ناگرێتەوەر ، بەڵام میکانیزم و ئامرازەکانی بۆ ئەم مەبەستە چین، ئەوە لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی تاوتوێدەکرێت."
ناوی سزاکان (قەیسەر)، لەسەر ناوی وێنەگرێکی لەشکری سوریایە کە دزەی بە هەزاران وێنە بۆ دەرەوەی سوریا کرد و تیایاندا کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەدان و تاوانەکانی دیکەی حکومەتی سوریای ئاشکراکرد.
بەپـێی ڕۆیتەرز گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتویەتی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان لە هەموو ناوچەکانی سوریا سزاکان نایانگرێتەوە. گوتوشیەتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەوەی لە نزیکەوە هەماهەنگی بکات لەگەڵ هاوبەشەکانی. بەڵام گوتەبێژەکە ئامادە نەبوو لەسەر وتووێژە دیپـلۆماسیـیەکان لێدوان بدات.