پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی یەکەمین دانیشتنی خۆی سازکرد بەبێ بەشداری چەند لیستێـک، ئەمەش لە پاش دوو ساڵ لەوەی بەهۆی ناکۆکیـیەکان کارەکانی ڕاگیران.
جهعفهر ئیبراهیم ئیمنكێ جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی دانیشتنەکەی دەسـتپـێکرد و داوای لە پەرلەمانتارانی ئامادەبوو کرد دەنگ بدەن تاوەکو بێگەرد تاڵەبانی پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بری فەخرەدین قادر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی کارەکانی سکرتێری پەرلەمان ڕایی بکات.
پاشان کارەکان دەسـتپـێکرد و پەرلەمانتاران پشـتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە 25 ی ئەم مانگی نۆیـیە و لە دەنگدانێـک بە دەنگی 65 پەرلەمانتار کۆمەڵە ڕاسپاردەیەکیان بۆ ئەم مەبەستە پەسەندکرد.
هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی و بەری تورکمانی و 6 پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداری دانیشتنەکەیان نەکرد.
بەهزاد دەرویش پەرلەمانتاری نێو لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێـکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بەر لە کۆبوونەوەکە گوتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایییە، بەڵام بەپـێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام دەدرێت.
گوتیشی لە بەرنامەدایە پـێنج ڕاسپاردە ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم بکرێن، ئەمەش بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25 ی ئەم مانگی نۆیەدا.
لە لایەکی دیکە شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند پەرلەمانتارانی سەر بە بزوتنەوەکەی بەشداری دانیشتنەکە ناکەن، دەڵێت " ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر بۆ بڕیاردان لەسەر پرسێکی چارەنوسساز ناتەندروستە و بە رێکاری نایاسایی کراون."
کۆمەڵی ئیسلامیش لای خۆیەوە بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت بەهۆی نەگیشتنی لایەنە سیاسیـیەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێکەوتنێـک سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەرلەمان، بۆیە بڕیاریان داوە بەشداری دانیشتنەکە نەکەن.
جێی ئاماژەیە پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی 38 کورسیـیە و بزوتنەوەی گۆڕان 24 کورسی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 18 کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی 10 کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی 6 کورسی و بزوتنەوەی ئیسلامی 1 کورسی و بەرەی تورکمانی 1 کورسی.