ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە مانگی شەشی ساڵی 2014 وە هەتا مانگی دەی ئەمساڵ کۆنترۆڵی شاری کەرکوکیان کردبوو، زیاتر لە 350 کەسیان بێسەروشوێن کردووە بە گومانی ئەوەی سەر بە داعشن.
ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی زۆربەی ئەوانەی بێسەروشوێنکراون عەرەبی سووننەن. دەشڵێت کاربەدەستانی خۆجێی بە ڕێکخراوەکەیان گوتوون کاتێک هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی شارەکەیان گرتەوە دەست هیچ کام لەو دەسـتگیرکراوانەیان نە لە شوێنەکانی دەسـتگیرکردنی فەرمی و نافەرمی شارەکە نەبینیوەتەوە.
ڕێکخراوەکە باس لەوە دەکات لە مانگی یازدە و دوازدەی ئەمساڵ چاوپـێکەوتنی لەگەڵ 26 کەسی عەرەبی سووننە سازکردووە کە گوتویانە بە چاوی خۆیان بینیویانە 27 کەس لە کەسوکاریان لە نێوان مانگی هەشتی ساڵی 2015 و مانگی دەی ساڵی 2017 لە شاری کەرکوک و باشوری شارەکە دەسـتگیرکراون. ئەم گەواهیدەرانە گوتوشیانە لەوەتای ئەو خزمانەیان دەسـتگیرکراون نەیانتوانیوە پەیوەندیـیان پـێوە بکەن و هەروەها دەسەڵاتی کوردی هیچ زانیاریـیەکی فەرمیان لە بارەیانەوە بۆ ئاشکرا نەکردوون، دەشڵێن لە بارەی چارەنووسیان نیگەرانن، چونکە کاربەدەستانی عێراق نەیانتوانیوە بیاندۆزنەوە.
لەما فەقیە جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە دەڵێت کەسوکاری دەسـتگیرکراوەکان هەوڵێکی ئێجگار زۆر دەدەن تاوەکو چارەنووسی خزمە دەسـتگیرکراوەکانیان بزانن. دەشڵێت دەسـتگیرکردن بە نهێنی و دابڕینیان لە جیهان، ترسێکی زۆر لە بارەی سەلامەتیانەوە دروستدەکات.
پاشان دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپـرسە لەوەی بە پەلە زانیاری بدات لە بارەی چارەنووسی دەستگیرکراوەکان و ئەو شوێنانەی لێیان دەسـتگیرکراون، وە هەروەها دەبێت حکومەتی هەرێم کۆتایی بە پـیادەکردنی بێسەروشوێنکردن بهێنێت.