شەوى رابردوو داعش هێرشیكردووەتە سەر رەبیەكانى پێشمەرگە لەباشورى قەزاى خانەقین و لەزۆربەى ناوچە كوردستانیەكانى دیالەش چەكدارەكانى ئەو رێكخراوە جم و جۆڵیان هەبووە و بۆمبى چێنراویان داناوە، كە یەكێك لەبۆمبەكان بەتیمێكى ئێرانى دا تەقیوەتەوە.
موقەدەم فەرەیدون حەمەسەعید بەرپرسى هەواڵگیرى لیواى 3 ى هێزەكانى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەكرد سەرلەبەیانى ئەمڕۆ بۆمبێكى چێنراو لەگوندێكى باكورى قەزاى خانەقین بەتیمێكى ئێرانى تەقیوەتەوە و لەئەنجامدا ئەندامێكى تیمەكە كوژراوە و یەكێكى تریان برینداربووە.
ناوبراو ، وتیشى"ئەو تیمە ئێرانیەى بۆمبەكەیان پێدا تەقیوەتەوە لەناوچەكەدا بەدواى رووفاتى ئەو سەربازانەدا گەراون كە لەشەرى ئێران و عێراق دا كوژراون."
لاى خۆشیەوە عەقید كاوە محەمەد فەرماندەى پێشمەرگە لەناوچەى كۆباشى باشورى قەزاى خانەقین، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"شەوى رابردوو ژمارەیەك چەكدارى داعش تەقەیان لەرەبیەكانمان كردووە لەباشورى خانەقین و لەنزیك بارەگاكانى حەشدى شەعبیش بۆمبى چێنراویان داناوە."
وتیشى"بۆمبێكى چێنراو بەئۆتۆمبێلێكى حەشدى شەعبى دا تەقیوەتەوە و دوو چەكداریان برینداربووە."
هەروەها لەچەند ناوچەیەكى دەوروبەرى ناحیەى سەعدیەش كەئێستا لەژێر كۆنترۆڵى حەشدى شەعبى دایە داعش بۆمبى چێنراوى داناوە و لەنێو قەزاى خانەقینیش دا بۆمبێكى تر پوچەڵكراوەتەوە.
محەمەد عومەر بەرپرسى كۆمیتەى قەرەتەپەى یەكێتى، ئاماژەى بەوەكرد شەوى رابردوو داعش لەدەوروبەرى ناحیەى قەرەتەپە چەند بۆمبێكى چێنراویان داناوە و مەفرەزەى چەكدارى گەرۆكیشیان لەناوچەكەدا پەیدا بوونەتەوە.
جم و جۆڵە فراوانەكانى شەوى رابردووى داعش ، لەكاتێكدایە ماوەى چەند مانگێكە چەكدارەكانى داعش لەناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى دیالە چالاكى و جم و جۆڵیان نەماوە.