دیاردەى ژن کوشتن لەناوچەکانى کەرکوک و گەرمیان بەردەوامى هەیە و لەماوەى دوو هەفتەى رابردوودا ، تەرمى دوو ژن دۆزراونەتەوە کە شوێنى فیشەک بە جەستەیانەوە بووە.
جوان حەسەن سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"زۆرى دیاردەى ژن کوشتن لەکەرکوک پەیوەندى بەو ژمارە زۆرە ئاوارەوە هەیە کە هاتوونەتە کەرکوک و کێشەکان زیاتر پەیوەندیان بەمەسەلەى کۆمەڵایەتیەوە هەیە."
پێشتر تەرمى ژنێک لەنزیک ناوچەى پیشەسازى کەرکوک دۆزرایەوە کە شوێنەوارى ئەشکەنجەدان بەجەستەیەوە دیاربوو ، هەروەها ناوبەناویش لە ناوچە جیاجیاکانى کەرکوک تەرمى ژنان دەدۆزرێنەوە کە لەلایەن بکوژەکانیانەوە فرێ دەدرێن.
جوان حەسەن وتى"بەشێک لەو ژنانە ناسنامەیان دیار نیە بۆیە ماوەیەک لە پزیشکى دادوەرى دەهێڵرێنەوە و دواتر بەخاک دەسپێردرێن."
هەروەها دوێنێ یەکشەمە لە قەزاى کەلارى ناوەندى ئیدارەى گەرمیانیش تەرمى ژنێکى تر دۆزرایەوە ، کە شوێنەوارى فیشەک بەجەستەیەوە بووە و کەسێکیش بەتۆمەتى کوشتنى دەستگیرکراوە.
عەقید لەمیعە محەمەد بەرێوەبەرى بەرێوەبەرایەتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ژنان لەگەرمیان، وتى"هەڵکشانى دیاردەى کوشتنى ژنان پەیوەندى بە داب و نەریتى ناوچەکەوە هەیە."
تەنها ژنان لەناوچە جیاجیاکانى کەرکوک و گەرمیان ڕووبەرووى توندوتیژى نابنەوە ، بەڵکو چالاکوانانى بوارى ژنانیش کە شوێن دۆسیەکانى ژنان دەکەون باسلەوەدەکەن کە لەرێگەى تەلەفۆن و موبایلەوە هەڕەشەى کوشتنیان لێدەکرێت.