دوێنێ لەگەڕەکى موسەڵاى کەرکوک کچێکى تەمەن 15 ساڵ خۆى خنکاند و باوکیشى لە لێکۆڵینەوەى سەرەتاییدا ، هۆکارى خۆ خنکاندنى کچەکەى بۆ ئەوە گێراوەتەوە کە بەهۆى دەست نەرۆییەوە نەیتوانیوە جلى قوتابخانەى بۆ بکرێت.
عەقید یوسف محەمەد بەرێوەبەرى پۆلیسى ئازادى لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کچەکە بە پەرۆ خۆى هەڵواسیووە و خۆى خنکاندووە."
ئەو کچەى کە خۆى خنکاندووە ناوى ( نەبین نەجمەدین)ە و قوتابى پۆلى نۆیەمى بنەرەتیە و لەنەتەوەى تورکمانە ، کە رۆژێک پێش خۆ کوشتنى لەگەڵ باوکى لەبازار بووە.
بەپێى وتەى بەرێوەبەرى پۆلیسى ئازادى ، باوکى کچەکە لەلێکۆڵینەوەى سەرەتاییدا هۆکارى خۆ خنکاندنى کچەکەى بۆ ئەوە گێراوەتەوە کە بەهۆى دەستنەرۆییەوە نەیتوانیوە جلى قوتابخانەى بۆ بکرێت.
عەقید یوسف وتى"چاوەرێین پرسەى کچەکە تەواو بێت و باوکى بۆ لێکۆڵینەوە و وەرگرتنى ئیفادە بانگهێشتى پۆلیس بکەین."
دەنگى ئەمەریکا هەوڵیدا لەگەڵ باوکى کچە خوێندکارەکەدا قسە بکات ، بەڵام بەهۆى تازەیى روداوەکەوە هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.