بڕیاره سێشهمه، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك به‌مه‌به‌ستى په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى پارێزگاكه و كاراكردنه‌وه‌ى لیژنه‌كانى ئه‌نجومه‌ن كۆ ببێته‌وه، به‌ڵام هێشتا دیار نیه رێژه‌ى یاسایى ئه‌ندامان ئاماده ده‌بن یاخود نه.
ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له 41 كورسى پێكدێت، بۆ ته‌واوكردنى نیسابى یاسایى بۆ په‌سه‌ند كردنى بودجه‌ى پارێزگاكه، پێویسته 21 ئه‌ندام ئاماده‌ى دانیشتنه‌كه‌ى سبه‌ینێ بن.
جوان حه‌سه‌ن ئه‌ندامى لیستى برایه‌تى له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"ئامانج له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن له رۆژی سێشهمه، په‌سه‌ند كردنى بودجه‌ى پارێزگاى كه‌ركوك و كاراكردنه‌وه‌ى لیژنه‌كانى ئه‌نجومه‌نه."
ئه‌ندامه‌كه‌ى لیستى برایه‌تى، ڕوونیكرده‌وه به‌پێى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، پلانى پرۆژه‌كان له‌لایه‌ن پارێزگار و قه‌زاو ناحیه‌كانه‌وه ڕه‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌ن ده‌كرێت بۆ په‌سه‌ندكردن یاخود ڕه‌تكرده‌وه، گوتى، "بۆیه گه‌ر نیساب ته‌واو بوو، ئه‌نجومه‌نى پارێزگا دانیشتنه‌كه‌ى ده‌كاته فه‌رمى و گفتوگۆ له‌سه‌ر بودجه ده‌كات، گه‌ر نیسابیش ته‌واو نه‌بوو، دانیشتنه‌كه ده‌بێته ڕاوێژكارى."
هه‌روه‌ها گوتیشى،"هه‌وڵده‌درێت لیژنه‌كانى ئه‌نجومه‌نیش كارا بكرێنه‌وه تا کار بكه‌ن، به‌تایبه‌ت به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ، هه‌ر لیژنه‌یه‌ك سێ ئه‌ندامى ئاماده بێت ده‌توانێت كار بكات."
بڕیاره جه‌مال مه‌ولود سه‌رپه‌رشتى كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك بكات، كه‌ناوبراو ئه‌ندامى لیستى برایه‌تیه و به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوكه.
كامه‌ران كه‌ركوكى ئه‌ندامى كوتله‌ى پارتى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، ره‌تیكرده‌وه به‌شدارى كۆبونه‌وه‌ى سبه‌ینێى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بكه‌ن، وتى"ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه بۆ كۆبونه‌وه‌كه و ناشزانین له‌سه‌ر چى گفتوگۆ ده‌كرێت."