لەشکری سوریا دەڵێت ئیسرائیل بە فڕۆکە بۆردومانی شوێنێـکی کردووە لە ڕۆژئاوای شاری حەما و لە ئاکامدا 2 کەس کوژراون و زیان بەر شوێنەکە کەوتووە.
فەرماندەی گشتی لەشکر و هێزە چەکدارەکانی سوریا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی" فڕۆکەی ئیسرائیلی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاژمێر 2:42 لە ئاسمانی لوبنانەوە موشەکیان گرتووەتە یەکێـک لە شوێنە لەشکریـیەکانمان لە نزیک مسیافی حەما."
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ هەواڵی بۆردومانەکەی پشـتڕاستکردەوە و گوتی شوێنەکە عەمباری موشەکی مەودا کورت و مامناوەندی لێـیە و هەروەها سەنتەرێکی توێژینەوەی زانستی و لە ئاکامی بۆردومانەکە بەلایەنی کەم 7 کەس لە هێزەکانی ڕژێمی کوژراون یان برینداربوون.
عامۆس یادلین سەرۆکی پـێشووی هەواڵگری ئیسرائیل لە تویتەرەکەی نووسیویەتی لەو شوێنە لەشکریـیەی مسیاف چەکی کیمیایی و بۆمبی بەرمیلی دروستدەکرێت.
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت سەبارەت بەم بۆردومانە پـرسیاریان لە گوتەبێژی لەشکری ئیسرائیل کردووە و لە وەڵامدا گوتویەتی لێدوان لەم بارەیەوە نادات.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لوبنان دەڵێن فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر ناوچەی بیقاعی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان فڕیون و دیواری دەنگیان بڕیبوو.