سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری عێراق داوای کردووە جێگرێکی یان وەزیرێکی حکومەتەکەی ڕاسپـێردرێت بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران و کارەکانی ڕۆژانە.
عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا ئەم داوایەی کرد، دەڵێت دەیەوێت هیچ نووسراوێکی فەرمی واژونەکات و هیچ کۆبوونەوە و وتووێژی فەرمی بۆ بابەتی ناوخۆی وڵات و پەیوەندیـیەکانی دەرەوە ئەنجام نەدات، بەڵام کاربەدەستانی دیکە کارەکانی خۆیان بەڕێوەبەرن تاوەکو بۆشایی لە دەسەڵاتی فەرمی دروست نەبێت لە بەڕێکردنی کارە خۆجێی و بیانیـیەکان.
مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر شکستهێنانی محەمەد عەلـلاوی لە ئەرکی پـێکهێنانی حکومەتی نوێ. هوشداری ئەوەی دا کە لە ئێستادا مەترسیدارترین دۆخ ڕووبەڕووی وڵاتەکە دەبێتە، ئەویش دروستبوونی بۆشایـیەکی دەستوری و ئیداری. گوتیشی باشترین چارەسەر بۆ ئەمە پابەندبوونە بە ماددە دەستوریـیەکانی پەیوەست بەم بابەتە.
بەڵام عەبدولمەهدی باسی لەوەش کرد، بۆ حاڵەتی زۆر گرنگ و بە پەلە دەبێت ئاگاداربکرێتەوە لە لایەن بەڕێوبەری ئۆفیسی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری تایبەتی خۆی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان تاوەکو ڕێوشوێنی پـێویست بگرێتەبەر بەپـێی ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی لە بەڕێکردنی کارەکان.