Accessibility links

خۆپـیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن


خۆپـیشاندان و ناڕەزایـیەکان لە بەغدای پایتەختی عێراق و شارەکانی باشوری ئەو وڵاتە بەردەوامن و قوربانی زیاتر لە ئاکامی پـێکدادانەکانی نێوان خۆپـیشاندەران و هێزەکانی ئاسایش کەتوونەتەوە.

سەرچاوەیەک ئەمڕۆ دووشەممە بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوت بە لایەنی کەم کەسێک کوژراوە و 25 کەسی دیکە برینداربوون لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئاسایش بۆ سەر ئەو خۆپـیشاندەرانەی لە مەیدانی وەثبە و پـردی ئەحراری بەغدا گردبوونەتەوە.

گوتوشیەتی هێزەکانی حکومەت بە گولـلە و گازی فرمێسک ڕێژ و بۆمبی دەنگی ڕووبەڕووی خۆپـیشاندەران بوونەتەوە و دوو ماتۆری سێ تایـیان سووتاندووە(تکتک)، ئەوەی خۆپـیشاندەران بریندارەکانیان پێ دەگوێزنەوە.

هاوکات خۆپـیشاندەران لە بازاڕی غەزل بەرەو پـردی شوهەدا بەڕێکەوتن و گەیشتنە دەوروبەری مزگەوتی خولەفا و لەوێ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە تەقەیان لێکرا.

چالاکوانان ڤیدیۆی خۆپـیشاندانەکان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بڵاودەکەنەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی عێراقیـیە لە زاری عەبدولکەریم خەڵەف گوتەبێژی لەشکری عێراق ڕایگەیاند" 11 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەی حافز قازی بەغدا برینداربوون پاش ئەوەی کۆمەڵێک لەوانەی لە یاسا دەرچوون بۆمبێکی دەستیان هەڵدابوو لەگەڵ چەند بۆمبێکی مۆلۆتۆڤ."

ئاژانسەکە گوتیشی هێزەکانی ئاسایش ژمارەیەکی لەو کەسانە دەستگیرکردووە و بەردەوامە لە ڕاوەدوونانی ئەوانی دیکە.

XS
SM
MD
LG