کاربەدەستانی ئاسایشی عێراق دەڵێن بە فڕۆکەیەکی درۆن هێرشکراوەتە سەر سەربازگەیەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەدین.
میدیای ئاسایشی عێراق ناسراو بە (خلية الإعلام الأمني) ئەمڕۆ هەینی لەسەر فەیسبوکەکەی نووسیویەتی" بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەردوو کاتژمێر 1:50 و 2:20 بە درۆن نارنجۆکی دەستی بەردراوەتەوە سەر سەربازگەی شەهیدانی لیوای 16 ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی ئامرلی وە بووەتە هۆی برینداربوونی 2 کەس."
پاشان نووسیویەتی دواتر وردەکاریـیەکان ڕادەگەیەنن.
عەلی حسێنی گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە کەرکوک، لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دڵشاد ئەنوەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا، هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و گوتویەتی لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
لە لایەکی شان ڕۆبەرتسن گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان لە هێرشەکەدا نیـیە.