عادل عەبدولمەهدی ڕاسپـێردراو بۆ پـێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ماڵپەڕێکی کردەوە تاوەکو عێراقیـیەکان لە ڕێگەیەوە بتوانن خۆیان کاندیدبکەن بۆ پـۆستی وەزاری لە حکومەتی فیدراڵدا.
ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی عێراق کەسایەتیـیەک بۆ پـۆستی سەرۆک وەزیر دەسـتنیشانبکرێت و هەوڵ بدات بەم ڕێگەیە کەسانی گونجاو بۆ کابینەتی حکومەتەکەی هەڵبژێرێت.
عەبدولمەهدی لە ڕێگەی فەیسبوکەکەیەوە ڕایگەیاند، هەر کەسێک خۆی بە شارەزا و پـسپۆڕ و خاوەن ئەزمون دەزانێت و خوازیارە خۆی بۆ پـۆستی وەزاری کاندید بکات دەتوانێت لە ڕێگەی ماڵپەڕی https://iraqcabinet2018.com ناوی خۆی تۆماربکات و باس لە تواناکانی بکات و بیسەلمێنێت مەرجە دەستوریـیەکانی تێدایە. هەروەها نووسیویەتی لە 8 ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە هەتا 4 ی پاش نیوەڕۆی پـێنجشەممەی ڕێکەوتی 11 ی مانگی دە ماڵپەڕەکە کراوە دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم پـرۆسەیە بەردەوام دەبێت لە ڕاوێژکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەتی بەرپـرسی قەوارەکانی نێو پەرلەمان.
بەپـێی مادەی 76 ی دەستوری عێراق ئەو کەسایەتیـیەی بۆ پـێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕادەسپـێردرێت دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژ لە ڕاسپاردنەکەی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە وەزیرانی حکومەتی نوێ دەسـتنیشانبکات. بەمەش عادل عەبدولمەهدی کە لە 2 ی مانگی دەوە لە لایەن بەرهەم ساڵح سەرۆکی نوێی عێراق بۆ ئەم ئەرکە ڕاسپـێردرا، دەبێت هەتا 1 ی مانگی یازدە وەزیرانی حکومەتەکەی دەستنیشانکردبێت، ئەگەر نا ئەوا دەبێت سەرۆک کۆمار کەسایەتیـیەکی دیکە بۆ ئەم ئەرکە ڕاسپـێرێت.