لە پاش زیاتر لە سێ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتیـیەکەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی نوێی ئەو وڵاتە بۆ یەکەم جار کۆبووەوە بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیر و سەرۆکی پـێشووی پەرلەمان.
محەمەد عەلی زەینی کە بە تەمەنترین ئەندام پەرلەمانی نوێـیە، لایەن سەلیم جبوری سەرۆکی پـێشووی پەرلەمانەوە ڕاسپـێردا کارەکانی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەببات هەتا ئەو کاتەی سەرۆکی نوێی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی دەستنیشان دەکرێن.
بەپـێی میدیاکانی عێراق لە کۆی 329 پەرلەمانتار 317 پەرلەمانتاریان لە دانیشتنی یەکەم ئامادەبوون و سوێندی یاسایـیان خوارد.
لە ئێستادا دوو هاوپەیمانی ڕاگەیەندراوە بۆ پـێکهێنانی حکومەت، هاوپەیمانی یەکەم بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی و هەریەک لە لیستی سەر بە موقتەدا ئەلسەدر و عەممار ئەلحەکیم لەخۆدەگرێت. هاوپەیمانێتی دووەم لیستەکانی سەر بە نوری مالیکی و هادی عەماری تێدایە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە کام هاوپەیمانێتیان زۆرینە پـێکدەهێنن، بەو پـێیەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی نێو لیستەکان هەڵوێستی جیاوازیان هەیە.
هێشتا هەردوو لایەنی سەرەکی کوردی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشتیوانی خۆیان لە هیچ کام لەو دوو هاوپەیمانێتیـیە ڕانەگەیاندووە.