ڕێبەری یەکێک لە ملیشیا شیعەکانی عێراق کە ئێران پشتیوانی دەکات و لە سوریا شەڕی کردووە، دەڵێت پـێشبینی دەکات لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو لە پەرلەمانی عێراق دەنگبدرێت بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا.
قەیس ئەلخەزعەلی ڕێبەری گروپی "عصائب أهل الحق" ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە لە پاش شکستهێنانی داعش هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی هەزاران سەربازی ئەمەریکایی لە عێراقدا نیـیە.
گوتیشی ئەگەر ئەمەریکایـیەکان ڕێز لە خواستی پەرلەمان و خەڵکی عێراق نەگرن، ئەوا دەکرێت بە زەبری هێز دەریانبکەن. بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد شیانی هەیە هێزێکی بچوک کە پـێکهاتبێت لە ڕاوێژکار و ڕاهێنەر بە بڕیاری کۆمیتەیەکی هاوبەش بمێنێتەوە.
خەزعەلی جەختی لەوەش کرد پـرۆژە بڕیارێکی لەو جۆرە بچێتە بەردەم پەرلەمان پەسەنددەکرێت، گوتی لەو بڕوایەدایە زیاتر لە نیوەی پەرلەمانی نوێ ڕەتیدەکەنەوە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ساڵی 2011 هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کشانەوە، بەڵام پاش سەرهەڵدانی داعش لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە ساڵی 2014 گەڕانەوە و ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە ڕزگارکردنی ناوچەکان.
لە ئێستادا نزیکەی 5200 سەربازی ئەمەریکایی لە عێراقدان. سەرۆک ترامپ دەڵێت دەکرێت ئەو هێزانە بۆ هێرشکردن لە سوریاش بەکاربهێنرێن ئەگەر دۆخەکە پـێویستی کرد.