فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق، ئاشكرایدەكات لەنزیكترین كات دا هێرشى هێزە عێراقیەكان و پێشمەرگە بە هاوكارى هێزەكانى هاوپەیمانان بۆ سەر شارى موسڵ دەستپێدەكات.
فەریق ئەنوەر حەمەئەمین ، فەرماندەى گشتى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"هەماهەنگیەكانمان لەگەڵ هێزەكانى هاوپەیمانان بە تەواوەتى پەرەپێداوە و بەم نزیكانە هێرش دەكەینە سەر موسڵ."
فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق ، هەرچەندە شەڕى موسڵ ى بە قورس وەسف كرد ، بەڵام جەختى لەسەر ئەوەكردەوە كە لە ماوەیەكى كورتدا ئەو شارە لەبن دەستى داعش دەردەهێنن.
بەوتەى فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق ، ناو شارى موسڵ خەڵكى سڤیل ى زۆر تێدایە ، بەڵام پلانەكە بە شێوەیەك دارێژراوە خەڵك زەرەرمەند نەبێت ، وتى"خەڵكى موسڵ لە پەیوەندیدان لەگەڵمان و بە پێدانى زانیارى هاوكاریمان دەكەن."
فەریق ئەنوەر حەمەئەمین ، ئاماژەى بەوەشكرد داعش لەناو شارى موسڵدا خەندەق لێدەدات و ئامادەكارى دەكات بۆ بەرەنگاربونەوەى هێرشەكانیان.
شارى موسڵ بە بە گەورەترین شارى ژێر كۆنترۆڵى داعش دادەنرێت لە عێراق و سوریا ، بە كۆنترۆڵكردنى ئەو شارە لەلایەن هێزە عێراقیەكانەوە داعش لە شارەکانی عێراق وەدەر دەنرێت.