دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەڵێت لە ئێستادا ناتوانێت بڕیار بدات ئەو ڕیفراندۆمەی لە مانگی نۆ لە هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کرا، کارێکی دەستوری بووە یان نا.
ئەیاس ئەلساموک گوتەبێژی دادگاکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە بەیانـنامەیەکی لە بارەی ئەو سکاڵایانە بڵاوکردەوە کە بە ژمارەکانی 89 و 91 و 92 و 93 لە ساڵی 2017 لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکراون بە مەبەستی بڕیاردان بەوەی ئەو ڕیفراندۆمەی لە 25 ی مانگی نۆی ساڵی 2017 ئەنجامدرا نادەستوری بووە.
ئەلساموک دەڵێت دادگای باڵای فیدراڵی پـێیوایە یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایانە بەندە بە ئاگادارکردنەوەی لایەنەکەی دیکە لە سکاڵاکان لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ئەنجومەنی وەزیران، وە دوایـین جەختکردنەوە لەسەر ئاگادارکردنەوە لەو سکاڵایانە لە 18 ی مانگی دەدا بووە.
دەشڵێت لە لایەکی دیکە، دادگا ناتوانێت ڕای خۆی لەسەر پـرسی ڕیفراندۆمەکە بڵێت کە ئایا دەستوری بووە یان نا، دەڵێت تەنیا لە ڕێگەی ئەو سکاڵایانە نەبێت، چونکە دادگا ناتوانێت ڕای خۆی ڕابگەیەنێت هەتا ئەو کاتەی گوێی لە لایەنی بەرامبەرش نەبێت، ئەمەش بەپـێی مادەی (91/5) لە یاساکانی مورافەعاتی مەدەنی کە دەڵێت نابێت لە پـێشدا دادگای ڕای خۆی ڕابگەیەنێت لە کاتێکدا سکاڵای دیکە بۆ هەمان پـرس هەبن.