Accessibility links

چارەنوسى پارێزگارى کەرکوک یەکشەمەى داهاتوو یەکلایى دەبێتەوە


چارەنوسى ڕاکان جبورى پارێزگارى کەرکوک ڕۆژى یەکشەمەى داهاتوو یەکلایى دەبێتەوە بەوەى لە پۆستەکەى بەردەوام دەبێت، یاخود بەهۆى دەرچوونى بڕیارى دەستگیرکردن بۆى، لە دەوامکردن دادەبڕێت.

دەستەى نەزاهەى عێراق، بەپێى مادەى 340 لەیاساى سزادانى عێراقى بریارى گرتنى بۆ پارێزگارى کەرکوک دەرکردووە، بەڵام ناوبراو لەرۆژى چوارشەمەى رابردووەوە دەوامى نەکردووە و رۆیشتوەتە بەغدا.

کاکەرەش سدیق ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دەرکردنى بریارى گرتن بۆ ڕاکان جیورى پەیوەندى بە بەهەدەردانى سامانى گشتیەوە هەیە، بریارەکە پەیوەندى بە چاودێرى دارایى و دەستەى نەزاهەوە هەیە."

دوێنێ پێنجشەمە، دەستەى نەزاهەى عێراق لەراگەیەنراوێکدا، دەرچوونى بریارى گرتنى بۆ جبورى پشتراستکردەوە، کە بەپێى راگەیەنراوەکە ناوبراو کەمتەرخەم بووە لەگرتنەبەرى رێکارى پێویست بەرانبەر کۆمەڵێک شت و مەک، بەو هۆیەوە شت و مەکەکان تێکچوون و خراپ بوون.

سەرچاوەیەک لە ئیدارەى کەرکوک بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هیچ نوسراوێکى تایبەت بە گرتنى جبورى نەگەیشتوەتە ئیدارەى کەرکوک، جیوریش لەرۆژى چوارشەمەى رابردووەوە لەبەغدایە."

گەرچى باس لە رۆیشتنى هێزێکى پۆلیسى ئیتیحادى بۆ نێو بیناى پارێزگاى کەرکوک بۆ دەستگیرکردنى پارێزگار دەکرێت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکى فەرمى ناو ئیدارەى کەرکوک ئەو زانیاریانە پشت راست ناکاتەوە.

دەربارەى چارەنوسى جبورى، کاکەڕەش سدیق پێیوایە یەکشەمەى داهاتو چارەنوسى جبورى روون دەبێتەوە، بەوەى ئایا بەهۆى بریارى گرتنەکەیەوە دەتوانێت دەوام بکات، یاخود لە دەوام کردن دادەبڕێت.

دەرچوونى بریارى گرتن بۆ راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک لەلایەن دەستەى نەزاهەوە، لەکاتێکدایە ئیفلیج بوونى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەدواى رووداوەکانى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو، وایکردووە ئەو ئەنجومەنە نەتوانێت چاودێرى ئیش و کارەکانى ئیدارەى کەرکوک بکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:11 0:00

XS
SM
MD
LG