سەرۆک کۆمارى عێراق، بەڵێنى دا لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنى کێشەى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانى دەوروبەرى کەرکوک پێکبهێنێت و لەگەڵ کابینەى نوێى حکومەتى عێراق دا گفتووگۆبکات.
دوێنێ چوارشەمە، وەفدێکى کورد و تورکمان سەردانى دکتۆر بەرهەم ساڵحى سەرۆک کۆمارى عێراقیان کرد، داواى هاتنە سەر خەتیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى زەوى و زار لە نێوان پێکهاتەکانى کەرکوکدا لێکرد.
کاکەڕەش سدیق سەرۆکى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140 لە کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"سەرۆک کۆمار بەڵێنى دا، کێشەى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانى کەرکوک چارەسەر بکات."
ژمارەیەکى زۆر جوتیارى عەرەب کە ساڵى 2003 ناوچەکەیان جێهێشتووە، دەیانەوێت بۆ گوندەکانى دەوروبەرى کەرکوک بگەرێنەوە، لە کاتێکدا کوردەکان ئەو گوندانە بە زێدى باوباپیرانیان وەسف دەکەن و چۆڵکردنیان بۆ عەرەبەکان ڕەتدەکەنەوە.
کێشەى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان کێشەیەکى یاسایى ئاڵۆزە، بەو پێیەى جوتیارە کوردەکان داوا دەکەن کێشەى خاوەندارێتى کردنى گوند و زەوى و زارەکان بەپێى یاساکانى ساڵى 1970 یەکلابکرێتەوە، عەرەبەکانیش داوا دەکەن کێشەکە بەپێى یاساى ساڵى 1976 کە تایبەتە بە ڕاگواستن و تەعریبکردنى ناوچەکە چارەسەربکرێت.
ئیسماعیل حەدیدى کەسایەتى دیارى عەرەبى سونە لە کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چارەسەرکردنى کێشەى زەوى و زار لەکەرکوک، پێویستى بە پێکهێنانى لیژنەى پسپۆرە."
رۆیشتنى وەفدى کوردى و تورکمانى بۆلاى سەرۆک کۆمارى عێراق، دواى چەند کۆبونەوەیەکیان هات لەگەڵ پارێزگارى کەرکوک کە بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسە نەگەیشتبوونە رێککەوتن.
کاکەرەش سدیق، ئەوەشى بۆ دەنگى ئەمەریکا خستەڕوو کە پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک ئەنجامداوە، مەترسى هەڵگیرسانى "شەڕى نەتەوەیى" لەناوچەکە پێگەیاندووە، وتى"بەڵام جبورى سووربوو لەسەر هێنانەوەى عەرەبەکان بۆ ناوچەکە."
قوڵ بوونەوەى ناکۆکى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانى کەرکوک، لەکاتێکدایە چەند جارێک گرژى لەنێوانیاندا ڕوویداوە. لە نوێترین پێشهاتیشدا ژمارەیەک خێزانى عەرەب بە پشتیوانى پۆلیسى ئیتیحادى گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکە، بڕیارى گەڕانەوەى 81 خێزانى تریش لەلایەن ئیدارەى کەرکوکەوە دراوە.