بڕیارە سبەینێ پـێنجشەممە بە فەرمى یادى ئەنفال لە نێو پەرلەمانى عێراق دا بکرێتەوە و ژمارەیەک لە کەس و کارى ئەنفالکراوەکانیش بۆ ئەو مەبەستە رۆیشتونەتە شارى بەغدا.
ئەنوەر حەمەلاو یەکێک لەکەس و کارى ئەنفالکراوەکان کە ئێستا لەشارى بەغدایە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هۆکارى رۆیشتنى ئێمە بۆ بەغدا بۆ بەشدارى کردنە لەدانیشتنەکەى رۆژى پێنجشەمەى پەرلەمانى عێراق کەبریارە لەسەر تاوانى ئەنفال ساز بکرێت."
وتیشى"بریارە سەرۆک کۆمار و سەرۆکى حکومەت و پەرلەمان ببینین و داواکارى کەس و کارى ئەنفالکراوەکانیان پێبدەین، کەخۆى لەدەستگیرکردنى مستەشارەکان و هێنانەوەى روفاتى ئەنفالکراوەکان داواى لێبوردن کردنى حکومەتى عێراقى دا لەگەلى کورد دەبینێتەوە."
رۆیشتنى کەس و کارى ئەنفالکراوەکان بۆ بەغدا بۆ گەیاندنى داواکاریەکانیان ، لەکاتێکدایە ساڵانە و لەیادى ئەنفال هەمان ئەو داواکاریانە دراونەتە بەرپرسانى هەرێم بەڵام جێبەجێ نەکراون.
مەسعود حەیدەر ئەندامى پەرلەمانى عێراق، ئاماژەى بەوەکرد سبەى لەپەرلەمانى عێراق بەفەرمى و بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لەکەس و کارى ئەنفالکراوەکان و بەرپرسانى باڵاى عێراق و نوێنەرى وڵاتان یادى ئەنفال دەکرێتەوە.
ناوبراو ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پرۆژەیەکمان بەناوى فراکسیۆنە کوردیەکانەوە پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کردووە و بریارە دەنگى لەسەر بدرێت،پرۆژەکە داواکارى کەس و کارى ئەنفالکراوەکانى تێدایە."
بریارە رۆژى 14/4 یش لە گوندى دێبنەى ناحیەى رزگارى گەرمیان و لەسەر مەزارى ئەنفالکراوەکان ، مەراسیمێکى گەورە لە ساڵیادى ئەنفال دا ئەنجام بدرێت.