چەکدارانى داعش شەوى چوارشەممە لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیانکردە سەر ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە و پێکدادانێکى قورس لەگەڵ هێزە عێراقیەکان روویدا، هەروەها لە رۆژئاواى کەرکوکیش جم و جۆڵى فراوانیان هەبووە.
محەمەد سامان بەرێوەبەرى ئاسایشى ناحیەى جەلەولا، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش هێرشیکردۆتە سەر خاڵە سەربازیەکانى نێوان جەلەولا و خانەقین و 5 پۆلیسیان بریندارکردووە."
وتیشى"دواتریش لەقۆڵێکى ترەوە هێرشیان ئەنجامداوە و پەلامارى بازگەى دەروازەى جەلەولایان داوە، لەوێش دوو سەربازیان کوشتووە و 2 سەربازى تریشیان بریندارکردووە."
بەپێى وتەى بەرپرسەکەى ئاسایش، هێزێکى زۆرى داعش لە نێو دارستان و گوندەکانى دەوروبەرى ناحیەى جەلەولا کۆبونەتەوە.
هاوکات لەگەڵ کۆبونەوەى چەکدارانى داعش لە دەوروبەرى جەلەولا، هێزەکانى حەشدى شەعبیش لیوایەک سەربازیان لەخواروى عێراقەوە بۆ دەروبەرى جەلەولاو خانەقین لەپارێزگاى دیالە گواستۆتەوە.
لاى خۆشیەوە عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"شەوى رابردوو داعش لەرۆژئاواى کەرکوک جم و جۆڵى هەبووە، هێزە عێراقیەکان خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە."
لەگەڵ نزیکبونەوە لەهەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، تادێت جم و جۆڵى چەکدارانى داعش لەدەوروبەرى کەرکوک و پارێزگاى دیالە روو لەزیادبوون دەکات.