بەرپرسێکى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک، وردەکارى جموجۆڵەکانى داعش و بارودۆخى ئەمنى قەزاکە بۆ دەنگى ئەمەریکا دەخاتەڕوو، بە تایبەت کە قەزاکەیان یەکێکە لە پێگە بەهێزەکانى داعش لە عێراق.
ئەحمەد خورشید ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى حەویجە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دۆخى ناو قەزاى حەویجە تارادەیەک ئارامە، چونکە خەڵک کەم گەڕاوەتەوە و ناو قەزاکە قەرەباڵغ نیە، بەڵام بەشەوان داعش باڵادەستە بەسەر گوندەکانى دەوروبەرى حەویجەدا."
بەرپرسەکەى حەویجە، ئاماژەى بەوەکرد شەوى رابردوو نزیکەى 40 چەکدارى داعش چونەتە سەر گوندى بەتمەى نزیک حەویجە، خەڵکى گوندەکەیان کۆکردۆتەوە و مۆبایلیان لێسەندوون، وتى"دواتر ئارد و خۆراکیان لەگوندەکە بردووە و رۆیشتوون."
ئەحمەد خورشید، ژمارەى چەکدارانى داعشى لەدەوروبەرى حەویجە بەنزیکەى 600 چەکدار مەزەندە کرد، روونیکردەوە داعش بەرۆژ لەنێو ماڵ و خەندەقەکانیان دەمێننەوە، وتى"داعش نەفەقى واى لێداوە لەژێر زەوى 6 مەتر درێژە، لەنێو ئەو نەفەقانەدا خۆراک و مۆلیدەى تێدایە، هەروەها هەندێکیشیان کەس و کاریان هەیە و بەرۆژ لەنێو ماڵەکاندان."
بەپێى وتەى بەرپرسەکەى حەویجە، چەکدارانى داعش بیانیان تێدایە، بەڵام ژمارەیان زۆر نیە، بەتایبەت ماوەیەک لەمەوبەر هێزە عێراقیەکان چەکدارێکى بیانیان لەنزیک حەویجە دەستگیرکرد.
سەبارەت بەهەبوونى مەترسى لەسەر دانیشتوانى حەویجە، ئەحمەد خورشید وتى"خەڵکى حەویجە زۆر دەترسن، چونکە داعش دێت ئەوەى حەشد بێت دەیکوژێت و خەڵکى تریش دەبات."
جم و جۆڵى داعش تەنها لە سنورى حەویجە نیە، بەڵکو چەکدارانى ئەو رێکخراوە لە سنورى حەویجەوە تادەگاتە پارێزگاى سەڵاحەدین و لەوێشەوە بۆ پارێزگاى دیالە جم و جۆڵیان هەیە.
فەرحان نەجم کەدانیشتوى گوندى مەردان ى نزیک قەزاى خانەقین ى دیالەیە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گوندەکەیان تەواو چۆڵکرد، چونکە داعش هەرەشەى لێکردوون، کەدەبێت ناوچەکە جێبهێڵن."