دادوەری عێراق ماوەی سێ ڕۆژە بڕیاری سزای لە سێدارەدان بۆ ئەو فەڕەنسایـیانەی داعش دەردەکات کە لە سوریاوە گواسترانەتەوە بۆ عێراق، فەڕەنساش دەڵێت هەوڵ دەدات لە سێدارە نەدرێن.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممە دادگایەک لە بەغدا بڕیاری سزای لە سێدارەدانی بۆ دوو فەڕەنسایی دیکە داوە، ئەوانیش ئیبراهیم ئەلنەجارە ناسراو بە ئەبو سولەیمان ئەلتونسی کە دەزگای هەواڵگری فەڕەنسا تاوانباری دەکات بە ڕەوانەکردنی لایەنگرانی داعش بۆ سوریا، کەرەم ئەلحرشاوی لە لایەن کاربەدەستانی عێراقەوە تاوانبارە بە بەشداریکردن لە کاری تێرۆرستی لەسەر خاکی عێراق بە تایبەتی لە موسڵ.
هەردوو ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە دادگاکە بڕیاری لە سێدارەدانی داوە بۆ چوار فەڕەنسی دیکە، کە بریتین لە کێڤن غۆنۆ و لیونارد لۆپـێز و سەلیم مەعاشۆ و مستەفا ئەلمەرزوقی.
بەمەش لە کۆی 12 فەڕەنسایـیەکەی داعش، ئەوانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕادەستی حکومەتی عێراقیان کردن، نیوەیان بڕیاری سزای لەسێدارەدانیان بۆ درا، بەڵام ماوەی 30 ڕۆژیان لە بەردەمدایە بۆ تانەگرتن لە بڕیارەکە.
چاوەڕواندەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو بڕیاری سزای ئەوانی دیکەش دەربچێت.
ژان ئیڤ لۆدغیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ گوتی وڵاتەکەی هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە تاوەکو هاوڵاتیانی لە عێراق لەسێدارە نەدرێن.
بەپـێی یاساکانی عێراق هەر کەسێک ببێتە ئەندامی ڕێکخراوێکی تێرۆرستی تەنانەت ئەگەر چەکیش هەڵنەگرێت، بۆی هەیە سزاکەی بگاتە لە سێدارەدان.
هەتا ئێستا زیاتر لە 500 پـیاو و ژنی بیانی لە عێراق حوکمدراون بە تاوانی ئەندامێتی داعش، بەڵام کەسیان لە سێدارە نەداون.