فه‌رمانده‌کانى پێشمه‌رگه، ده‌ڵێن تا ئێستا سه‌روى هه‌زار چه‌کدارى داعش له‌ژێر ناوى جیاجیادا خۆیان راده‌ستى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه کردووه، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کدارى تر‌ى ئه‌و رێکخراوه له‌ناوچه‌کانى نێوان پێشمه‌رگه و هێزه عێراقیه‌کاندا ماونه‌ته‌وه.
حسێن یه‌زدان په‌نا جێگرى سه‌رۆکى پارتى ئازادى که هێزه‌کانیان له‌ناوچه‌ى گوبهیبهى رۆژئاواى که‌رکوک جێگیرکراوه، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"حه‌ویجه و حه‌وزه‌ى حه‌ویجه بێ هیچ پێکدادانێک له‌لایه‌ن سوپا و حه‌شدى شه‌عبیه‌وه کۆنترۆڵکراون، سه‌روى هه‌زار چه‌کدارى داعش‌یش خۆیان راده‌ستى پێشمه‌رگه کردووه."
وتیشى"هێزه عێراقیه‌کان داعش به‌ره‌و سه‌نگه‌ره‌کانى پێشمه‌رگه پاڵ پێوه ده‌نێن، بۆیه هه‌ندێکیان خۆیان راده‌ست ده‌که‌ن، هه‌ندێکیشیان شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه ده‌که‌ن."
جێگرى سه‌رۆکى پارتى ئازادى، پاڵ پێوه‌نانى چه‌کدارانى داعش له‌لایه‌ن هێزه عێراقیه‌کانه‌وه به پیلانگێریهکى گه‌وره له‌دژى که‌رکوک وه‌سفده‌کات، ده‌ڵێت"هێزه عێراقیه‌کانیش تائێستا چه‌ند جارێک سه‌نگه‌ره‌کانى پێشمه‌رگه‌یان بۆردومانکردوه و پێشمه‌رگه برینداربووه."
هاوکات لیوا محه‌مه‌د قادر فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه له‌باشورى که‌رکوک، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد نزیکه‌ى 40 چه‌کدارى داعش له‌ناوچه‌کانى نێوان پێشمه‌رگه و حه‌شدى شه‌عبیدان و ناو به‌ناو ده‌رده‌که‌ون، وتى"به‌نیازى ئۆپهراسیۆنین له‌دژیان."
زۆربه‌ى دانیشتوانى حه‌ویجه و چه‌کدارانى داعش خۆیان راده‌ستى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه کردووه، ئه‌وه‌ش له‌ترسى کوشت و بڕکردنیان له‌لایه‌ن هێزه شیعیه‌کانه‌وه، به تایبه‌ت که ئه‌وان پێیانوایه مامه‌ڵه‌ى پێشمه‌رگه نه‌رمتره له‌گه‌ڵیان وه‌ک له‌هێزه شیعیه‌کان.