Accessibility links

کاربەدەستێکی ئەمەریکا: ئێران زیاتر لە 1000 کەسی لە خۆپـیشاندانەکان کوشتووە


دیپـلۆماتی باڵای ئەمەریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی ئێران، دەڵێت لە میانەی خۆپـیشاندانەکانی ئەم دوایـیانەی ئێران زیاتر لە 1000 کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکە برینداربوون.

براین هوک ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە وەزارەتی دەرەوە، ڕژێمی ئێران شەرمەزارکرد لە بەرامبەر بەکارهێنانی هێز لە دژی خۆپـیشاندەران وە گوتی جگە لەوانەی کوژراون و بریندارکراون بە لایەنی کەم 7 هەزار کەسی دیکە دەستگیرکراون و لە زیندانەکاندا مامەڵەیەکی خراپ دەکرێن.

هەروەها گوتی ڕژێم ئامادە نیـیە تەرمی خۆپـیشاندەرە کوژراوەکان بداتەوە بە کەسوکاریان. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هێزەکانی ئێران زیاتر لە 4 ڕۆژنامەوانیان کوشتووە و هەڕەشە لە ڕۆژنامەوانانی دیکە دەکەن.

گوتیشی ئەمەریکا یارمەتی ئێرانیـیەکانی داوە لە گەیاندنی هەواڵەکانیان بە دەرەوە لە پاش ئەوەی ڕژێمی ئێران هێڵی ئنتەرنێتی لە وڵاتەکەدا بڕی.

براین هوک لە درێژەی قسەکانی باسی لە هەوڵێکی ئێران کرد بۆ کوشتنی عادل جوبێر، باڵیۆزی پـێشووی عەرەبستانی سعودیـیە بۆ ئەمەریکا.

گوتی عەبدولڕزا شەهلائی کە یەکێکە لە فەرماندەکانی هێزی قودسی سوپای پاسداران پـلانداڕێژەری هەوڵی کوشتنەکە بووە، بۆیە ئەمەریکا 15 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات دەدات بە هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر پـلانەکانی شەهلائی.

دەزگای لێکۆینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا FBI لە ساڵی 2011 کەسێکی دەستگیرکرد بە ناوی مەنسور ئەرباب بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی عادل جوبێر، ناوبراو پـورزای شەهلائیـیە.

XS
SM
MD
LG