یاریزانێکی ئێرانی کە بەشداری لە پاڵەوانێتی جۆدۆ لە ژاپـۆن کردبوو، دەڵێت ناوێرێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی پاش ئەوەی سەرپـێچی لە فەرمانێکی حکومەت کردبوو سەبارەت بە کشانەوە لە یاریـیەک تاوەکو یاری لەگەڵ یاریزانێکی ئیسرائیلی نەکات.
یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ یاری جۆدۆ ڕایگەیاند سەعید مەولایی پاڵەوانی جۆدۆی ئێران لە لایەن محەمەد ڕەزا داوەرزەنی جێگری وەزیری وەرزشی ئێران فەرمانی پـێکرابوو لە یاری پاڵەوانێتیـیەکەی تۆکیۆ بکشێتەوە، بەڵام ئەو فەرمانەکەی ڕەتکردووەتەوە و بەردەوام بووە.
یەکێتیـیەکە دەشڵێت ڕەزا ساڵحی ئەمیری سەرۆکی لیژنەی ئۆڵمپی ئێران بە ڕێگەی تەلەفۆن بە سەعید مەولایی گوتووە ئەندامانی ئاسایش چوونەتە سەر ماڵی باوکی.
سەعید مەولایی لای خۆیەوە گوتی دەیەوێت هەتا دوا سات لە یاریـیەکاندا بەشداربێت، بەڵام لە وڵاتێکدا دەژی کە یاساکانی ڕێگە بەوە نادەن و هیچ بژاردەیەکی دیکە نیـیە و دەبێت هەموو یاریزانەکان پابەندی بن. گوتیشی ئەوەی ئەمڕۆ کردوویەتی بۆ دەستپـێکردنی ژیانێکی نوێــیە. دەشڵێت تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی پێی بڵێن دەتوانیت بێ کێشە بگەڕێتەوە، ئەوا هەر ترسی هەیە.
جێی ئاماژەیە ئەگەر سەعیدی مەولایی لە یاری پـێش کۆتایی سەرکەوتنی بەدەست بهێنایە، ئەوا یاری لەگەڵ ساگی موکی یاریزانی ئیسرائیلی دەکرد.
ئێران ڕەتیدەکاتەوە هەڕەشەی لە سەعیدی مەولایی کردبێت.