سەرۆکی ئێران بەڵێنی داوە وڵاتەکەی تۆڵەی خۆی بکاتەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی دوێنێ چوارشەممە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران کرایە سەر پاسێکی سوپای پاسداران و لە ئاکامدا 27 پاسدار کوژران.
حەسەن ڕوحانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بەر لەوەی بەرەو شاری سوچی ڕووسیا بەڕێبکەوێت بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا ڕووسی و تورکیـیەکەی سەبارەت بە سوریا، گوتی"ڕەگی سەرەکی تێرۆرزم لە ناوچەکە ئەمەریکا و زایۆنزمە لەگەڵ هەندێک وڵاتی خاوەن نەوتە لە ناوچەکە کە پشتیوانی دارایی لە تێرۆرستان دەکەن."
ڕوحانی کە لێدوانی دەدا و ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێران پەخشی دەکرد، گوتیشی" بێ گومان بۆ خوێنی شەهیدانمان تۆڵە دەسێنینەوە لەو کۆمەڵە بەکرێگیراوە."
لە لایەکی دیکە عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران ئەویش گوتویەتی" بێ گومان ئەنجامدەرانی هێرشەکە گرێدراون بە دەزگا هەواڵگریـیەکانی ناوچەکە و جیهان."
جێی ئاماژەیە گروپی جەیش ئەلعەدلی پـلوچەکان بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند کە لەسەر جادەی نێوان هەردوو شاری خاش و زاهیدان لە ئوستانی سیستان بلوچستان ئەنجام درا.
بەپـێی ڕاپـۆرتەکان ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک پاسێکی سوپای پاسداران تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا 27 پاسدار کوژراون و 13 ی دیکە برینداربوون.