Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی ڕێکەوتنەکەی تورکیا و ڕووسیا سەبارەت بە ئیدلیب دەکات


وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە ستایشی ڕێككەوتنەکەی نێوان توركيا و ڕووسيا کرد بۆ دوورکەوتنەوە لە پەلاماردانی دوايين بنکەی سەرەكى چەكدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە ئەدلیب.

ڕۆژی دووشەممە دوای 4 کاتژمێر لە گفتوگۆکردن لە سوچی ڕوسیای هاوپەیمانی ڕژێمی سوریا لەگەڵ تورکیای پشتیوانکاری ئۆپـۆزسیۆن ڕێکەوتن لەسەر پـێکهێنانی هێڵێکی لە چەک داماڵێنراو لە دەوروبەری ناوچەی بەرهەڵستکاران.

وەزيرى دەرەوەى ئێران موحەمەد جەواد زەريف لە تويتەرەکەی نوسیویەتی دیپـلۆماسیـیەت سەرکەوتوو بوو لە دوورخستنەوەی جەنگ لە ئەدلیب لەگەڵ پابەندبوون بە شەڕی دژی تیرۆستان.

زەریف ئاماژەی بۆ هەردوو سەردانەکەی بۆ دیمەشق و ئەنکەرە کرد لەگەڵ کۆبوونەوە سێ قۆڵیـیەکەی نێوان سەرۆکانی ئێران و تورکیا و ڕووسیا لە تاران، وە گوتی دیپـلۆماسیـیەت ئەنجامی هەبوو.

ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیار لە زەریف کرا ئایا ئێران ڕاوێژی پێکراوە سەبارەت بە بڕیارەکەی سوچی ؟زەريف گوتى: " بەڵێ، ئێران هەميشە لە ناوەندی ڕاوێژدا بووە."

لە لایەکی دیکە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند زەریف و مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و تیایدا باسیان لە وردەکاری ڕێکەوتنەکەی سەر ئیدلیب کردووە.

سەرۆكى ڕووسیا ڤلاديمیر پوتن و هاوتا تورکەکەی رەجەب تەيب ئەردۆغان لە ڕۆژى دووشەممە ڕازى بوون هەتا 15 ی مانگی دە ناوچەیەکی دابڕێنەر بە پانتای ١٥-٢٠ كيلۆمەتر پـێکبهێنن لەسەر هێڵى نێوان چەكدارانی ئۆپـۆزسیۆن و سوپاى ڕژێم.

پوتن گوتی ڕێككەوتنەكە " كشانەوەى هەموو چەکدارە توندڕەوەکان لە ئەدلیب لەخۆدەگرێت وە هەروەها گواستنەوەی چەكى قورس لەو ناوچە دابڕێنەرە."

XS
SM
MD
LG