ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێران (ارنا) دەڵێت سەرۆکی وڵاتەکەیان پشـتیوانی خۆی بۆ وڵاتی قەتەر دەربڕیوە لە بەرامبەر ئەو سزایانەی عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر بەسەریدا سەپاندوویانە.
ئاژانسەکە دەڵێت حەسەن ڕوحانی دوێنێ یەکشەممە بە تەلەفون قسەی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی میری قەتەر کردووە و بۆی ڕاگەیاندووە تاران لەگەڵ قەتەردایە بە میلـلەت و حکومەتەوە.
هەروەها گوتویەتی ئەگەر ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا هەبێت، فشار و هەڕەشەکردن و سەپاندنی سزا ڕێگەی دوروست نین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی.
پاشان گوتویەتی گەمارۆدانی قەتەر جێی قبوڵ نیـیە، وە ئاسمان و ئاو و زەوی ئێران لە بەردەم قەتەر و وەکو وڵاتێـکی برا و دراوسێی هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
لەوەتای ئەم چوار وڵاتە عەرەبیـیە لە 5 ی مانگی شەشەوە پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ قەتەر بڕی بە تۆمەتی کۆمەککردنی دۆحە بۆ گروپە توندڕەو و تێرۆرستیـیەکان، ئێران و تورکیا بە فڕۆکە و کەشتی کۆمەک بۆ قەتەر ڕەوانەدەکەن.