ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی 18 ی مانگی دوازدە، ڕۆژی جیهانی کۆچبەرانە. لەم ڕۆژەدا بەڕێوەبەری ئاژانسی کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات ئەو تێڕوانینە خراپەیان لەسەر کۆچبەران نەیهێڵن و بە ڕێز و شکۆمەندانە و بە سوود بۆ کۆمەڵگەکانیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.
کاتێک لە ساڵی 2000 نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ڕۆژی 18 ی دوازدەی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی جیهانی کۆچبەران، نزیکەی 150 ملیۆن کۆچبەر هەبوون، بەڵام ئێستا و لە پاش 18 ساڵ ژمارەکە گەیشتووەتە نزیکەی 258 ملیۆن کۆچبەر.
زۆرێک لە کۆچبەرانی ڕوو لە وڵاتانی دیکە دەکەن بەهۆی هەژاری و خراپی ئابوری و توندوتیژی و شەڕ و نائارامی و نەبوونی خزمەتگوزاریـیەکان. بەپـێی ڕاپـۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان 40 ملیۆن کەسی دیکەش لە ناو وڵاتەکانیاندا ئاوارەبوون بەهۆی شەڕ و ناکۆکیـیەکانەوە.
ئەنتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران دەڵێت زۆرێک لەو خەڵکە نایانەوێت ماڵەکانیان جێبهێڵن، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی تیایدان ناچارن بڕۆن. باس لەوەش دەکات ساڵانە بە ملیۆنان کەسیش ناچارن بڕۆن بەهۆی کارەساتی سروشتیـەوە.
ژویل میلمان گوتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران دەڵێت تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی 3400 کۆچبەر و پەنابەر لە سەرانسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە. زۆربەیان لە نێو ئاوی دەریا خنکاون کاتێک هەوڵیان دابوو بە ئەوروپا بگەن. زۆریش هەن لە ڕێگا بیابانیـیەکان و نێو دارستانە چڕەکان گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ڕۆژانە ژمارەی قوربانیـیەکان لە لایەن کارمەندانی ڕێکخراوەکەیان کۆدەکرێنەوە. گوتی ئەم هەموو قوربانیـیە جێی شەرمەزاریـیە.
ساڵیادەکەی ئەمساڵ، ڕۆژێک پاش ئەوە هات کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی پەیماننامەی جیهانی بۆ کۆچبەری پەسەندکرد. مانگی ڕابردوو زۆربەی وڵاتانی جیهان لەسەر ئەم پەیماننامەیە لە شاری مەراکیشی مەغریب قایلبوون.
ئەنتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ ئەم پەیماننامەیە بە هەنگاوێکی گرنگ ناودێردەکات بۆ ڕێزگرتن لە شکۆمەندی کۆچبەران و دەڵێت بوارێک دەڕەخسێنێت بۆ هاوکاری زیاتر لە بارەی کۆچبەرانەوە. دەشڵێت هاوکاری لەسەر هەموو ئاستەکان گرنگن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کۆچبەری.