پـۆلیسی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە لەسەر ئەو توندوتیژیانەی شاری کیمنتسی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گرتەوە و بوونە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی بە لایەنی کەم 8 کەس.
توندوتیژیـیەکان لە شەوی شەممەوە دەسـتیانپـێکرد کاتێک ژمارەیەک لەو ئەڵمانیانەی لە دژی زیادبوونی ڕێژەی کۆچبەران لە وڵاتەکەیان ناڕەزایـیان دەربڕی و توندوتیژی لێکەوتەوە و لە ئاکامدا پـیاوێکی ئەڵمانی تەمەن 35 بە چەقۆ کوژرا و 2 ی دیکە برینداربوون.
پـۆلیسی ئەڵمانیا کەسێکی سوری تەمەن 22 ساڵ و عێراقیـیەکی تەمەن 21 ساڵی بە تاوانی کوشتنەکە دەسـتگیرکردووە.
دوای ئەم ڕووداوە بە سەدان ئەڵمانی دژ بە کۆچبەران ڕژانە سەر شەقامەکان و گرژیـیەکان هێندەی دیکە ڕوویان لە زیادبوون کرد. پاشان شەوی دووشەممە نزیکەی هەزار کەس لە چەپڕەوەکانی ئەڵمانیا لە نزیک پەیکەری کارڵ مارکس گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر هێرشی سەر کۆچبەران و ئەوانەی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی نین. دواتر پـێکدادان لە نێوان هەردوو لا ڕووی دا و لە ئاکامدا 6 کەس برینداربوون.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا دەڵێت پـۆلیسی شاری کیمنتس دانی ناوە بەوەی وەک پـێویست پـۆلیسی بۆ شوێنی پـێکدادانەکە ڕەوانەکردبوو، ئەمەش ڕەخنەیەکی زۆری لێکەوتەوە.
جێی ئاماژەیە هەرێمی سەکسۆنیا کە شاری کیمنتسی لێـیە، لە مێژەوە هەستی دژ بە کۆچبەران تیایدا زیادیکردووە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو پارتی ئەڵتەرناتیڤی توندڕەو یەک لەسەر چواری دەنگەکانی ئەو هەرێمەی بەدەستهێنا.