ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە پاش 18 ساڵ کۆتایی بە ڕێبەرایەتی خۆی بۆ پارتی یەکێتی دیموکراسی کرستیانی وڵاتەکەی هێنا.
خانم مێرکڵ کە لە ساڵی 2000 وە ڕێبەرایەتی ئەو پارتەی کردووە، ئەمڕۆ لە کۆنگرەی گشتی پارتەکەی لە شاری هامبۆرگ و بە ئامادەبوونی 1001 بەرپـرسی پارتەکەی کە یەک لەسەر سێـیان ژنن، وتارێکی بەم بۆنەوەیەوە پـێشکەشکرد و سوپاسی ئەندامانی پارتەکەی کرد کە بە درێژایی ئەو چەندان ساڵە هاوکاری بوون.
لە ئێستادا لە کۆی 14 کاندید 3 کاندید ماونەتەوە بۆ گرتنە دەستی ئەم پـۆستە کە براوەکەی بەرەو پـۆستی ڕاوێژکاری وڵاتەکە دەبات، واتە سەرۆکی حکومەت، دەبات.
یەنس شپان تەمەن 38 ساڵ کە وەزیری تەندروستیشە، یەکێکە لە کاندیدەکان، بەڵام وەک دەڵێن هەلی سەرکەوتنی کەمە، بۆیە زیاتر ڕکابەریـیە سەرەکیـیەکە دەکەوێتە نێوان دوو کاندیدەکەی دیکە کە بریتین لە خانم ئانێگرێت کرامپ کارینبەوەر تەمەن 56 ساڵ سکرتێری گشتی پارتەکە و فریدریش میرتس تەمەن 63، پارێزەر و ئەندامی پـێشووی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا.
ئەمە یەکەم جارە لە پاش نزیکەی 47 ساڵ سێ کاندید هەبن بۆ ڕێبەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراسی کرستیانی ئەڵمانیا.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت بەپـێی ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکان ڕکابەریـیەکەی نێوان ئەم دوو کاندیدە زۆر توند دەبێت، بەو پـێـیەی بەرپـرسانی بەشداربووی کۆنگرەکە کە بە نوێنەر ناودێردەکرێن لە نێوان خۆیاندا زۆر دابەشبوون سەبارەت بە ڕێبازی داهاتووی پارتەکەیان لە پاش ڕۆیشتنی مێرکڵ.
جێی ئاماژەیە بەشێک لە لایەنگرانی ئەم پارتە تووشی نائومێدی بوون بەهۆی سیاسەتەکانی مێرکڵ، بە تایبەتی لە مەسەلەی واڵاکردنی سنوورەکانی ئەڵمانیا لە بەردەم کۆچبەرانی نایاسایی سوریایی و عێراقی لە هەردوو ساڵی 2015 و 2016. بۆیە پـێشبینی دەکرێت ئەم پارتە دەسەڵاتدارە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی خۆیدا بکات.