داواکاری گشتی فەڕەنسا دەڵێت ئەو تاوانکارەی شەوی سێشەممە لە بازاڕێکی شاری ستراسبۆرگ هێرشی چەکداری کردە سەر خەڵک، بە زمانی عەرەبی هاواری کردبوو "الله أکبر"، بەمەش لێکدانەوەی توندڕەوی ئیسلامی بۆ دەکرێت.
ڕێمی هێتز ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند تاوانکارەکە بە دەمانچە و چەقۆ هێرشی کردبووە سەر خەڵکی و لە ئاکامدا 2 کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش نیمچە مردووبووە بەوەی مێشکی وەستاوە و هەروەها 12 کەسی دیکەش برینداربوون کە شەشیان برینەکانیان قورسە.
تاوانکارەکە بە ئۆتۆمبیلێکی تەکسی لە شوێنی هێرشەکەی هەڵهاتووە و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دەسـتگیرنەکراوە هەرچەندە بە گولـلەی هێزەکانی ئاسایش برینداربووە. دەشڵێن ناسراوەتەوە و ناوی شەریف شگاتە و تەمەنی 29 ساڵە و لە ستراسبۆرگ لەدایکبووە و بە ڕەچەڵەک مەغریبـیە و ڕابردوویەکی خراپی هەیە و27 جار لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و سویسرا لەسەر تاوانی پەیوەست بە توندوتیژی و دزیکردن سزادراوە. چەند میدیاک وێنەکەیان بڵاوکردووەتەوە، لەوانە ڕۆژنامەی کۆرێرە دللا سێرای ئیتاڵی.
پـۆلیس لە پشکنینی ماڵەکەی بۆمبێکی دەستی و تفەنگێک و 4 چەقۆی دۆزیوەتەوە. لە ئێستادا پـۆلیس بۆ ئەم کەیسە لەگەڵ چوار کەس لێکۆڵینەوە دەکات.
لە لایەکی دیکە کریستۆف کاستێنر وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا گوتی لە پاش ئەم هێرشە حکومەتەکەی ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی لە وڵاتەکە دەگرێتەبەر.