Accessibility links

فەڕەنسا فەرمانبەرێکی باڵای حکومی دەسـتگیردەکات بە گومانی سیخوڕی بۆ کۆریای باکور


دەزگای هەواڵگری فەڕەنسا فەرمانبەرێکی حکومەتی وڵاتەکەی دەستگیرکردووە بە گومانی سیخوڕی بۆ کۆریای باکور.

سەرچاوەیەکی دادوەری لە پاریس ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ئاشکراکرد، بینوا کوێندی سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی فەڕەنسایی- کۆریایی لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستگیرکراوە، وە لە ڕۆژی دووشەممەوە لە لایەن داواکاری گشتی لە پاریس لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەستپـێکراوە سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیاری و پـێدانی بە هێزێکی بیانی کە شیانی هەیە لە دژی بەرژەوەندیـیەکانی فەڕەنسا بێت.

سەرچاوەکە گوتوشیەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ناوخۆ DGSI لێکۆڵینەوە دەکەن لەوەی ئایا بینوا کوێندی زانیاری بە کۆریای باکور داوە یان نا.

فڕانس پـرێس دەڵێت بەپـێی ماڵپەڕی ئەنجومەنی سینات، بینوا کوێندی کاربەدەسـتێکی باڵایە لە بەشی بیناسازی و کەلەپـوور و باخەوانی لە ئەنجومەنی سیناتی پەرلەمانی فەڕەنسا. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە هەر لە ئۆفیسەکەی لە ئەنجومەنی سینات دەسـتگیرکرا.

بینوا کوێندی پـێشتر سەردانی کۆریای باکوری کردووە و چەندان وتاری لە بارەیەوە نووسیوە، وە ئەو کۆمەڵەی سەرۆکایەتی دەکات کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندیـیەکان لەگەڵ کۆریای باکور دەکات و هەوڵ بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو کۆریا دەدات.

سەرۆکی ئەنجومەنی سیناتی فەڕەنسا ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر کەیسی بینوا کوێندی بدات.

XS
SM
MD
LG