لە ناوچەی مارتنی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی فلۆریدا باوکێک لە پـێناو ئەوەی کوڕە بچوکەکەی لە دەستی برا گەورەکەی ڕزگاربکات، بە دەمانچە کوڕە گەورەکەی کوشت.
ولیەم سنایدەر بەرپرسی پـۆلیسی ناوچەی مارتن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی ژنێک بە ناوی ماری مەلۆنی تەلەفۆنی بۆ پـۆلیس کردبوو و گوتبووی کوڕە گەورەکەی شێتانە ڕەفتار دەکات و فریایان بکەون، بەڵام پاش چەند خولەکێکی دیکە تەلەفۆنی کردبووەوە و گوتویەتی هاوسەرکەی تەقەی لە کوڕە گەورەکەی کردووە و کوشتویەتی.
دەشڵێت بەپـێی شایەتحاڵەکان برا گەورەکە (جۆزێف مەلۆنی، تەمەن 30 ساڵ) و برا بچوکەکەی (جێمس مەلۆنی، تەمەن 26 ساڵ) یاری بلیاردیان کردووە و پاشان بووە بە شەڕیان، بە شێوەیەک برا گەورەکە چەقۆی هێناوە و قۆڵی لە ملی برا بچوکەکەی توندکردووە هەتا هاواری لێهستانووە کە وا دەخنکێت.
دەڵێن هەرچەندە زۆر هەوڵیان دابوو لە ژێر دەستی ڕزگاریبکەن، بەڵام بێ سوود بووە. بۆیە باوکیان (جۆن مەلۆنی، تەمەن 56 ساڵە) چووە دەمانچەکەی هێناوە و کوڕە گەورەکەی بەر گولـلە داوە و کوشتویەتی.
بەرپـرسەکەی پـۆلیس گوتی بەپـێی بەڵگەکان و قسەی شایەتحاڵەکان باوکەکە ناچاربووە دەمانچەکەی بەکاربهێنێت هەتا کوڕە بچوکەکەی ڕزگاربکات، بۆیە بە تاوانکار دانانرێت.
ڕووداوەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و بووەتە بابەتی مشتومڕی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان، بەوەی ئایە باوکەکە بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵەی کردووە لەگەڵ دۆخەکە یان نا.