وڵاتی میسر بۆ یەکەم جار ژنێکی قپـتی کرستیانی کردە پارێزگاری پارێزگایەکی وڵاتەکەی.
مەنال عەوەز میخائیل ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەردەم عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر سوێندی یاسایی خوارد وەک پارێزگاری دمیاتی باکوری وڵاتەکە.
پـێشتر لە مانگی دووی ساڵی 2015 وە، مەنال جێگری پارێزگاری جیزە بوو بۆ کاروباری خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و ئەرکی پەرەپـێدانی چەند ناوچەیەکی پارێزگاکەی لە ئەستۆ گرتبوو.
بەپـێی میدیا خۆجێـیەکان مەنال توانیویەتی کۆمەکی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت بۆ پەرەپـێدانی ناوچەکان.
مەنال لە ساڵی 1999 بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ڤێتەرنەری لە زانکۆی ئسکەندەریـیە بەدەستهێناوە.
ئەمە دووەم جارە ژنێک لە پـۆستی پارێزگار دادەنرێت کە لە میسر لە ئاستی پـلەی وەزیردایە. پـێشتر نادیە عەبدە لە مانگی دووی ساڵی 2017 پـۆستی پارێزگاری ئەلبەحیرەی گرتەدەست، بەڵام ئەمڕۆ لە پـرۆسەی دانانی پارێزگارە نوێـیەکان پـۆستەکەی جێهێشت و جەنەڕاڵ هیشام عەبدولغەنی شوێنی گرتەوە.
قپـتیـیەکان خەڵکی ڕەسەنی میسرن و زۆربەیان پەیڕەوی ئاینی کرستیان دەکەن. لە ئێستادا بوون بە کەمینە وڵاتەکەیان و مەزەندە دەکرێت لە کۆی زیاتر لە 90 ملیۆن لە دانیشتوانی وڵاتەکە تەنیا نزیکەی 8 ملیۆنیان قپـتی بن. هەروەها بە ملیۆنان قپـتی وڵاتەکەی خۆیان جێهێشتووە بەهۆی ئەو توندوتیژیانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.