دادگایەکی میسر بڕیاری سزای زیندانی دا بۆ 65 کەس بە تۆمەتی پـێکهێنانی گروپـێکی تێرۆرستی سەر بە داعش بە ناوی " تنظيم داعش الصعيد".
دادگای تاوانەکانی ئەلجیزە لە ڕۆژئاوای قاهیرەی پایتەخت ئەمڕۆ پـێنجشەممە بڕیارەکانی دەرکرد و تیایدا هاتووە 18 تاوانبار دەبێت سزای زیندانی هەتاهەتایی بدرێن و 41 تاوانباری دیکە بۆ ماوەی 15 ساڵ و 6 تاوانباری دیکە بۆ ماوەی 5 ساڵ. دوو کەسی دیکەش بەبێ تاوان دانران.
لەم 65 تاوانبارە 47 کەسیان لە دانیشتنی دادگایـیکردنەکەیاندا ئامادەبوون، بۆیە بەپـێی یاسا پارێزەرەکانیان دەتوانن تانە لە بڕیاری دادگاکە بدەن و دادگای پـیاداچوونەوە بە کەیسەکەیاندا بچێتەوە.
کاربەدەستانی ئاسایشی میسر ئاشکرایانکرد تاوانباری یەکەم لەم کەیسە کە ناوی مستەفا ئەحمەد عەبدولعالە، لەلایەن ڕێبەرانی داعش لە دەرەوەی وڵات ڕاسپـێردرابوو گروپـێکی تێرۆرستی پـێکبهێنێت بە ناوی "ولاية الصعيد" ، ئەویش لای خۆیەوە بەو تاوانە هەستاوە.
ئەمە یەکەم جار نیـیە داعش گروپی لایەنگری خۆی لە میسر دابمەزرێنێت. پـێشتر لە ساڵی 2014 گروپـێکی توندڕەوی ئیسلامی لە ناوچەی سینای میسر کە ناسرابوو بە ئەنسار ئەلمەقدس، بەیعەتی خۆیان بۆ داعش ڕاگەیاند و ناوی خۆیان گۆڕی بۆ "ولاية سيناء". ئەم گروپە چەندان هێرشی تێرۆرستیان لە وڵاتەکە ئەنجامداوە و بە تایبەتی لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی میسر.