له‌كاتێكدا به‌شێك له به‌رپرسان و دام و ده‌زگا فه‌رمیه‌كان، هۆشدارى ده‌ده‌ن له بڵاوبوونه‌وه‌ى خێراى ماده هۆشبه‌ره‌كان له عێراق به هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه، به‌ڵام تائێستا پلانى ورد و تۆكمه بۆ رێگریكردن لهتهشهنهكردنى ماده‌ى هۆشبه‌ر دانه‌نراوه.
هۆكارى بڵاوبوونه‌وه‌ى خێراى ماده هۆشبه‌ره‌كان بۆ كراوه‌یى سنوره‌كان و بازرگانیكردن پێوه‌ى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و گروپه چه‌كداره‌كان ده‌گێردرێته‌وه، به‌و پێیه‌ى ئه‌م بازرگانیه سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى داراییه بۆیان.
عه‌قید دیار شه‌وكه‌ت به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى قه‌زاى خانه‌قینى پارێزگاى دیاله كه قه‌زاكه‌ى هاوسنوره له‌گه‌ڵ وڵاتى ئێران دا، ده‌ڵێت"خه‌ڵكێكى زۆر ده‌ستگیر ده‌كه‌ین كه بازرگانى به ماده‌ى هۆشبه‌ره‌وه ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت هه‌وڵده‌ده‌ن له ناوچه سنوریه‌كانه‌وه بۆ دیاله و به‌غدا بیبه‌ن."
به‌پێى لێدوانى به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى خانه‌قین بۆ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا، مانگانه به به‌رده‌وامى 5 بۆ 10 كه‌س به‌تۆمه‌تى كێشان و بازرگانیگردن به ماده‌ى هۆشبه‌ر ده‌ستگیرده‌كه‌ن، و "زۆربه‌ى ده‌ستگیركراوه‌كان كڕین و فرۆشتن به ماده‌ى هۆشبه‌ره‌وه ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌رده‌م دادگادا ده‌ڵێن ته‌نها ده‌یكێشین، چونكه سزاى كێشان له بازرگانیكردن سوكتره."
ئه‌وه‌ى وایكردووه ماده‌ى هۆشبه‌ر خێراتر بڵاو ببێته‌وه، لاوازى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ت و باڵاده‌ستى به‌رپرس و ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ن كه ماده‌ى هۆشبه‌ر بووه‌ته سه‌رچاوه‌ى داراییان.
محه‌مه‌د فایه‌ق به‌رپرسى پێشووى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى قه‌زاى خورماتوى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، كه قه‌زاكه‌ى یه‌كێكه له‌و قه‌زایانه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌رى تێدا بڵاوبۆته‌وه، ده‌ڵێت،"تا ئێستا نزیكه‌ى 50 كه‌س له‌سه‌ر ماده‌ى هۆشبه‌ر گیراون، بهدهیانى تریش ناویان هه‌یه بۆ ده‌ستگیركردن."
به‌پێى گوته‌ى محه‌مه‌د فایه‌ق، به‌شێك له داواكراوه‌كان كه تۆمه‌تبارن به ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌خورماتو كچ و ژنن، و "ته‌نانه‌ت ماده‌ى هۆشبه‌ر گه‌یشتۆته نێو قوتابخانه‌كانیش."
زۆربه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ریان به فراوانى تێدا بڵاوبۆته‌وه، ده‌سه‌ڵاتى یاسا تێیاندا لاوازه، یاخود ناوچه‌ى سنورین و تێكه‌ڵى و هاتووچۆى وڵاتانى ده‌ره‌وه زیاتر ده‌كه‌ن.
قه‌زاى خورماتو، یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ى پێشتر و به‌ئێستاشه‌وه گرفتى ئه‌منى زۆرى هه‌بووه و دانیشتوانه‌كه‌شى به‌ئاسانى ده‌ستیان گه‌یشتۆته ناوچه سنوریه‌كان، بۆیه به‌كارهێنانى ماده‌ى هۆشبه‌ر تێیدا گه‌یشتبووه ئاستێك كه پۆلیس له‌كاتى ده‌وامدا ماده‌ى هۆشبه‌رى پێوه بگیرێت.
له‌چه‌ند مانگى رابردوودا، سه‌رۆك گروپێك له قه‌زاى خورماتو به‌ناوى ( محه‌مه‌د) ده‌ستگیركرا، كه سه‌رۆكى گروپێكى بازرگانیكردن بووه به ماده‌ى هۆشبه‌ره‌وه، هه‌روه‌ك ئاسایشى گه‌رمیانیش 4 كه‌سى تر‌ى خه‌ڵكى ئه‌و قه‌زایه‌یان بهتریاكهوه له‌سنوره‌كه‌یان ده‌ستگیركردووه .
نه‌جات حسێن ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"زانیاریان پێگه‌یشتووه گوایه ماده‌ى هۆشبه‌ر لهخورماتووهوه ده‌گاته كه‌ركوكیش، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ندێك چایخانه و جێگه‌دا به‌كارده‌هێنرێن."
ماده‌ى هۆشبه‌ر به شێوه‌یه‌ك بڵاوبۆته‌وه خه‌ریكه له‌كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت،بۆیه موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌و باره‌یه‌وه هۆشدارى داوه، هه‌روه‌ها له‌شارى به‌سره‌ى سنوریش هه‌ڵمه‌تى هۆشیارى ئه‌نجامدراو ده‌زگا ئه‌منیه‌كانى هه‌رێمیش ڕۆژانه هه‌واڵى ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنى ماده‌ى هۆشبه‌ر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانراوه سه‌رچاوه‌كه‌ى بنه‌بڕ بكرێت كه زۆرێك ده‌سه‌ڵاتداران به سه‌رچاوه سه‌ره‌كیه‌كه‌ى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.