وه‌زیر ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له کۆنفراسێکی ڕۆژنامه‌وانی ڕایگه‌یاند که‌وا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی به‌هه‌ڵمه‌تێک کردووه بۆ به‌ربه‌ره‌کانی کردنی دیارده‌ی نێرگه‌له کێشان له هه‌رێمی کوردستان به تایبه‌تی له نێو گه‌نجاندا.
سه‌باره‌ت به‌م هه‌ڵمه‌ته و زیانی نێرگه‌له کێشان هاوکارمان حه‌یده‌ر که‌ریم وتووێژێکی له گه‌ڵ دکتۆر چالاک سه‌ید عومه‌ر به‌رزنجی له نه‌خۆشخانه‌ی ڤه‌رجینیای ڕۆژئاوا سازداوه.
دکتۆر چالاک ده‌ڵێت زۆرجار لای خه‌ڵك وایه که زیانی تووتن له ڕێگای نێرگه‌له‌وه که‌متره وه‌ک له تووتنی جگه‌ره‌ی ئاسایی، ده‌ڵێت ئه‌وه بۆچوونێکی ڕاست نییه له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وا نێرگه‌له ده‌کێشن بڕێکی یه‌کجار زۆر دوکه‌ڵ ههلدهمژن و ماوه‌ی هه‌ڵمژتنی نێرگه‌له گه‌لێک زیاتره له جگه‌ره، چونکه له‌وانه‌یه کێشانی جگه‌ره‌یه‌ک پێنچ خووله‌ک بخایه‌نێت به‌ڵام کێشانی نێرگه‌له‌یه‌ک له‌وانه‌یه پانزده خووله‌ک یان یه‌ك کاتژمێر و هه‌ندێ جار زیاتر یان که‌متر بخایه‌نێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت جگه له دوکه‌ڵی تووتن ئه‌و شتانه‌ی که ده‌کرێنه ناو نێرگه‌له‌وه که بۆ سووتاندنی به‌کاردێت هه‌ندێ جار ماده‌ی دیکه‌ی تێده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی لای خه‌ڵک خۆشبێت، ئه‌و مادانه‌ش زیانی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی گفت و گۆکه بن که ماوه‌که‌ی 5:44 خوله‌که.