چین دەڵێت مەنگ هۆنگوەی، ئەوەی سەرۆکی ئنتەرپوڵ بوو و بێسەروشوێن بوو، لەسەر گەندەڵی دەسـتگیرکراوە و ئێستا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
وەزارەتی ئاسایشی گشتی چین ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند مەنگ هۆنگوەی بەرتیلی وەرگرتووە و گومانی دەکرێت کەسانی دیکەش لەگەڵیدا ئەم تاوانەیان کردبێت. گوتیشی دەستگیرکردنی ئەم کەسایەتیـیە کە پـێشتر جێگری وەزیری ئاسایشی گشتی بووە، نیشانی دەدات کەس لەسەروو یاساوە نیـیە، وە هەر کەسێک یاسا پـێشێلبکات، ئەوا بە ڕژدی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بە توندی سزادەدرێت. وەزارەتەکە باسی لەوە نەکرد بەرتیلی چۆن و لە کێ وەرگرتووە.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو کاربەدەستانی فەڕەنسا ئاشکرایان کرد لێکۆڵینەوەیەکان دەسـتپـێکردبوو بۆ زانینی چارەنووسی مەنگ هۆنگوەی پاش ئەوەی لە 29 ی مانگی نۆ شاری لیۆنی فەڕەنسای جێهشت و بەرەو چین ڕۆیشت و هیچ هەواڵێکی نەما.
ئنتەرپوڵ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند مەنگ هۆنگوەی چتیر لە پـۆستەکەی نەماوە و کیم جۆنگ یانگ جێگری سەرۆکی کۆمیتەی جێبەجێکاری ئنتەرپوڵ شوێنی دەگرێتەوە هەتا ئەو کاتەی سەرۆکێکی نوێ بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێرن لە کۆبوونەوەی گشتی ئنتەرپوڵ لە دوبەی کە بڕیارە لە 18 بۆ 21 ی مانگی یازدە بەڕێوەبچێت.