دادگای دەستوری ئیسپانیا بڕیاری دا ئەو دانیشتنە سازنەکرێت کە پەرلەمانی کەتەلۆنیا بەنیازە ڕۆژی دووشەممە بۆ سەربەخۆیی هەرێمەکەیان سازیبکەن.
دادگای دەستوری ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر ماڵپەڕی خۆی دەقی بڕیاری دادگاکەی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت لەسەر سکاڵای سۆشیالستەکانی نێو پەرلەمانی کەتەلۆنیا بڕیاریان داوە پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا ئەو دانیشتنە سازنەکات.
هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە ئەگەربێت و خانم کارمی فۆرکادیل سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا دانیشتنەکە سازبکات، ئەوا دووچاری سزای یاسایی دەبێتەوە لە ئەنجامی پشتگوێخستنی ئەم بڕیارە.
بەڵام حکومەتی کەتەلۆنیا و زۆرینەی سەربەخۆییخوازەکانی نێو پەرلەمانی هەرێمەکە کە 72 پەرلەمانتارن لە کۆی 135 پەرلەمانتار، پـێشتریش ئەو بڕیارانەی دادگای دەستوریـیان ڕەتکردووەتەوە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان بە نادەستوری ناودێرکردبوو.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 1 ی مانگی دە ڕیفراندۆمەکەی کەتەلۆنیا بۆ سەربەخۆیی ئەنجام درا و ڕێژەی بەشداری تیایدا نزیکەی 42% بوو و زیاتر لە 90%ی بەشداربووان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.