Accessibility links

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی لەشکر و پـۆلیسی بەڕازیل لە دژی قاچاغچیانی مادە هۆشبەرەکان 14 کەس دەکوژرێن


کاربەدەستانی بەڕازیل دەڵێن لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی لەشکر و پـۆلیس لە دژی گروپەکانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان لە شاری ڕیۆدی‌‌جانێرۆ بە لایەنی کەم 14 کەس کوژراون.

فەرماندەیەتی لەشکری بەڕازیل ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند 4200 سەرباز بە پاڵپشتی ماشێنی زریپـۆش و فڕۆکە خۆیان کردووە بە هەردوو ناوچەی ئەلیما و ماری هەژارنشینی ڕیۆدی‌‌جانێرۆ کە قاچاغچیانی مادە هۆشبەرەکان دەستیان بەسەردا گرتوون.

هێزەکانی لەشکر سەرەتا بەربەستەکانی سەر جادە و شەقامەکان لاداوە، پاشان دەسـتیانکردووە بە پـشکنینی ئۆتۆمبیلەکان و دواتر گەڕان بە دوای ئەو قاچاغچیانەی زانیاریان لەسەر دراوە.

فەرماندەیەتیـیەکە دەڵێت لە میانەی هەڵمەتەکەیاندا 8 کەس کوژراون، بەڵام هیچی لە بارەی ناسنامەی کوژراوەکان یان چۆنیەتی کوشتنیان ڕانەگەیاند. دەشڵێن تەنیا لە ناوچەی ماری دەستگیراوە بەسەر 430 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر.

لە هەڵمەتێکی دیکە لە ناوچەی نیتێرۆی شارەکە، پـۆلیس لە کاتی ڕۆژدا 6 تاوانباری کوشت. لە تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە 70 پـۆلیس بەشداربوون.

شاری ڕیۆدی‌جانێرۆ دووەم گەورەترین شاری بەڕازیلە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 6.5 ملیۆن کەسە.

لە ئێستادا گەورەیی شارەکە و زۆری گروپە چەکدارەکانی قاچاغچێتی بە مادە هۆشبەرەکان تیایدا، وەهایانکردووە پاراستنی ئاسایش لەو شارە کارێکی قورسبێت بۆ هێزەکانی پـۆلیس، بۆیە وا ماوەی 6 مانگە لەشکری بەڕازیل ئاسایشی شارەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

XS
SM
MD
LG