کاربەدەستانی بەنگلادش دەڵێن هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە نیشانی بدات عەقائدوڵڵا ئەوەی بەنیازبوو تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە وێستگەیەکی شاری نیویۆرک ئەنجام بدات پەیوەندی بە توندڕەوانی نێو وڵاتەکەیانەوە هەبووبێت.
مونیر ئیسلام سەرۆکی دەزگای دژە تێرۆر لە پـۆلیسی بەنگلادش ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت زانیاریان لەسەر عەقائدوڵڵا کۆکردووەتەوە لە ڕێی هاوسەرەکەی و خەزوری و خەسوی، بەڵام هیچ شتێکیان نەدۆزیوەتەوە کە جێگەی گومان بێت یان ئاماژە بۆ ئەوە بکات پەیوەندی بە توندڕەوانی بەنگلاشییەوە هەبووبێت.
جون کیم داواکاری گشتی مانهاتنی نیویۆرک بە وەکالەت دەڵێت عەقائدوڵڵا بە پـۆلیسی گوتووە ئەمەی بۆ داعش کردووە و ئەو لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توڕەیە.
بەپـێی یاساکانی فیدراڵی ئەمەریکا و هەروەها یاساکانی ویلایەتی نیویۆرک 5 تۆمەت ئاڕاستەی عەقائدوڵڵا کراون.
بڕیار ئەمڕۆ چوارشەممە بە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لە نەخۆشخانەوە دادوەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات.
جێی ئاماژەیە بەپـێی لێکۆڵینەوەکانی پـۆلیس بۆمبەکە بە شێوەیەکی زۆر سەرەتایی دروستکرابوو و تەنیا بەشێکی تەقیوەتەوە.
جۆن میلەر سەرۆکی دەزگای دژە تێرۆر لە پـۆلیسی نیویۆرک گوتی ئەمە یەکەم جارە کەسێک هەوڵی تەقینەوەی خۆکوژی لە نێو شوێنێکی گواستنەوەی گشتی لە شارەکە بدات و بتوانێت تەقینەوەکە ئەنجام بدات.
گوتیشی لە پاش ئەم ڕووداوە ڕێوشوێنی توندتر لە شارەکە دەگرنەبەر، بە تایبەتی لە کاتی جەژنەکانی سەری ساڵ کە سەدان هەزار کەس ڕوو لە مەیدانی تایمز سکوێر دەکەن.