Accessibility links

هەرگیز مەهێڵە منداڵی ساوە ماچ بکرێت


ژنێکی ئەمەریکایی کە منداڵە ساواکەی لە پاش 8 ڕۆژ لە لەدایکبوونی لەدەستدا بەهۆی ماچێکەوە لە لایەن کەسێکەوە کە هەڵگری ڤایرۆسی نەخۆشی تامیسک بووە، ئاگاهی بە دایکان و باوکان دەدات کە ڕێگە نەدەن کەس منداڵە ساواکانیان ماچ بکات.

ئابیگێڵ ڕۆز کە دانیشتووی شاری ئۆکلاندی ویلایەتی مێریلاندە و لە مانگی پـێنجەوە کچە ساواکەی بەهۆی ئەم هەڵەیەوە لەدەستداوە، بەرداومە لە ڕێگەی فەیسبوکەکەیەوە لە ئاگادارکردنەوەی خەڵکی لەوەی نەهێڵن کەس ماچی منداڵە ساواکانیان بکات و یان بە دەستی ناخاوێنەوە هەڵیانبگرن. دەشڵێت هەرگیز لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ناوەستێت.

دەڵێت ئەلیزای کچی بە تەندروستیـیەکی باشەوە لەدایکبووبوو و هەتا ڕۆژێک و نیو باری تەندروستی باشبووە بەر لەوەی تووشی ڤایرۆسی HSV-1 ی نەخۆشی تامیسک بێت. پاشان بەهۆی ئەوەی وەک هەموو منداڵێکی دیکەی ساوا کۆئەندامی بەرگری لەشی بە تەواوی بەهێز نەبووبوو، ڤایرۆسەکە لە مێشک و بڕبڕەی پشت و سیـیەکانی داوە و نەیتوانیوە بەرگەی بگرێت و گیانی لەدەستداوە سەرەڕای پـزیشکەکان هەوڵێکی زۆریان دابوو بە ڕزگارکردنی ژیانی.

شارەزایانی تەندروستی دەڵێن نزیکەی 70% ی خەڵکی هەڵگری ئەم جۆرە ڤایرۆسەن و زۆربەشیان هیچ نیشانەکانی نەخۆشیـیەکەیان پـێوە دیارنیـیە هەتا ئەو کاتەی بەهۆی شتێکەوە بەرگری لەشیان دادەبەزێت و وەک تامیسک لەسەر لێو یان شوێنی دیکەی جەستەیان دەردەکەوێت.

XS
SM
MD
LG