Accessibility links

سەدان هەزار کەس لە جەزائیر لە دژی ڕژێمی وڵاتەکەیان ڕژاونەتە سەر جادەکان


سەدان هەزار کەس لە جادەکانی جەزائیری پایتەخت گردبوونەتەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر حوکمڕانی عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە سەرۆکی وڵاتەکەیان.

ئەمڕۆ شەشەمین ڕۆژی هەینیـیە جەزائیریـیەکان لە پاش نوێژی هەینی دەڕژێنە سەر شەقامەکانی پایتەخت بۆ داوای گۆڕانکاری سیاسی لە وڵاتەکەیاندا. بەڵام ئەم هەینیـیە بەراورد بەوانەی پـێشوو خەڵکێکی زیاتر گردبوونەتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی فەریق ئەحمەد قاید ساڵح سەرۆکی ئەرکانی لەشکری جەزائیر پـێشنیاری کرد مادەیەکی دەستوری جێبەجێبکرێت بە ئامانجی لادانی بۆتەفلیقە لە دەسەڵات.

خۆپـیشاندەران داوا دەکەن تەواوی ڕژێمەکە دەسـتبەرداری دەسەڵات ببێت، نەک تەنیا بۆتەفلیقەی تەمەن 82 ساڵ کە لە ساڵی 1999 وە پـۆستی سەرۆکایەتی گرتووەتەدەست و لە ساڵی 2013 تووشی جەڵتەی مێشک بووە.

هاوڵاتیەک بە ناوی ئەمین کە 180 کیلۆمەتری بڕیوە و لە شاری بێجایـیە هاتووە بۆ بەشداریکردن لە خۆپـیشاندانەکان، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە " ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی دوا پەیامی خۆمان بەم حوکمڕانیـیە بڵێن، ئەویش (جانتاکانت هەڵبگرە و بڕۆ)."

خوێندکارێکی زانکۆش بە ناوی سارا حەجیمی بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوتووە خۆی و هاوڕێـیەکانی بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە خۆپـیشاندانەکانیان ئەنجام دەدەن و تەنیا دروشم بەرزدەکەنەوە بۆ دەستبەرداربوونی ڕژێم لە دەسەڵات.

کەناڵی ئەلبیلادی جەزائیری لە ڕێگەی فەیسبوکەکەیەوە دیمەنی خۆپـیشاندانەکان بڵاودەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG