بەپـێی دوایـین ئاماری قوربانیانی ئاکامی بومەلەرزە بەهێزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە باکوری ڕۆژئاوای پایتەختی ئەلبانیای دا، 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 600 کەس برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری ئەلبانیا ئامارەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت بە سەدان سەربازیان ڕەوانەی ئەو ناوچانە کردووە کە زیانیان پـێگەیشتووە لە ئاکامی ئەو بومەلەرزەیەی بە گوڕی 6.4 پـلە بە پـێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی 20 کیلۆمەتر لە ناوچەیەکی دابوو کە 30 کیلۆمەتر لە تیرانای پایتەختەوە دورە.
بەپـێی دەزگای جیۆلۆجی ئەمەریکا بۆ چاودێری بومەلەرزە لە جیهاندا، 4 بومەلەرزەی دیکەش لە دەوروبەری ئەو ناوچەی داوەتەوە کە یەکێکیان گوڕەکەی 5.4 پـلە بووە.
بەپـێی شارەزایەکی جیۆلۆجی ئەلبانیا، لە ساڵی 1926 وە بومەلەرزەی وەها بەهێز لەو ناوچەیەی نەداوە.
بومەلەرزەکە هێندە بەهێز بووە لە چەندان شاری ناوچەی بەڵقان هەستی پـێکراوە، لەوانە سەرایڤۆی پایتەختی بۆسنیا کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لە شوێنی بومەلەرزەکەوە دورە و هەروەها لە شاری نوڤی ساد لە سڕبیا کە 700 کیلۆمەتر دورە.
شارۆچکەی تومانی کە تەنیا 5 کیلۆمەتر لە چەقی بومەلەرزەکەوە دورە، زۆرترین زیانی پـێگەیشتووە. لەوێ بینایەکی 5 نهۆمی هەرەسی هێناوە و لە ئێستادا تیمەکانی فریاگوزاری هەوڵی دەرهێنانی قوربانیـیەکان دەدەن.
هاوکات وزەی کارەبا لە چەندان شوێنی ناوچەکە بڕاوە و خەڵکی لە ترسا و بەم سەرمایە ناوێرن لە ماڵەکانیاندا بن، بۆیە لەشکر خێوەتی بۆ هەڵداون.
جێی ئاماژەیە ئەلبانیا هەژارترین وڵاتی ئەوروپایە.