کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سەر بە تورکیا بەردەوامن لە پـێشێلکاریـیەکانیان لە عەفرین بەبێ ئەوەی کەس ڕێگریـیان لێبکات یان شتێک هەبێت سڵی لێبکەنەوە.
کۆمەڵەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپـۆرتێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی ئەم هێزانە سەروەت و سامانی هاوڵاتیان دەبەن و ماڵەکانیان بە تاڵان دەبەن و دەست دەگرن بەسەر موڵک و ماڵیان بەبێ ئەوەی هیچ لایەنی لەشکری یان شەرعی یان سیاسی ڕایانبگرێت.
دەشڵێت سەرانە وەردەگرن لە جوتیاران و خاوەن شوێنە بازرگانیەکان و تەنانەت ئەو خەڵکانەشی لە نێوان شارۆچکە و گوندەکانی عەفرین بە پاس هاتوچۆ دەکەن. لەگەڵ ئەوانەش ڕۆژانە هاوڵاتیان لە شاری عەفرین دەسـتگیردەکەن تاوەکو دوایی بە پارە ئازادیان بکەن.
کۆمەڵەکە باس لەوە دەکات سەرچاوەی بڕواپـێکراو بۆی پشـتڕاستکردووەتەوە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونی تورکیا لەم هەفتەیەی دوایی بە دەیان کەسی سیڤیلیان دەسـتگیرکردووە و تۆمەتی ئەوەیان بۆ هەڵبەستوون گوایە هاوکاری هێزە کوردیـیەکان دەکەن، ئەمەش تاوەکو کەسوکاریان بترسێنن و ناچاربن پارە بدەن بۆ ئازادکردنیان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپـۆرتەکە دەڵێت چەکدارێکی گروپی جەیش ئەلشەرقیە لە ناوچەی مەحمودیـیەی عەفرین چووەتە سەر ماڵی ژنێکی بە تەمەن و پـێی گوتووە ماڵەکەی چۆڵبکات پاش ئەوەی تاوانباری کردووە بەوەی کوڕەکانی پەیەدە و یەپەگەن. پاشان دەمەقاڵی لە نێوانیان دروستبووە و چەکدارەکە کەوتووەتە لێدانی ژنەکە.
کۆمەڵەکە لە بارەی ڕووداوێکی دیکە نووسیویەتی ژمارەیەک چەکداری "فرقەی سوڵتان موراد" چوونەتە ناوچەیەکی نزیک بازنەی نەورۆزی ناوەندی شاری عەفرین و کەوتوونەتە بڕینی تەلە مسەکانی کارەبا و دزینی، خەڵکی ناوچەکەش لێـیان پـرسیون "ئێوە کێن؟" و یەکێـک لە چەکدارەکان بە تەنزەوە وەڵامی داوەتەوە و گوتویەتی" ئێمە دزین.. بڕۆ ماڵەوە بۆخۆت باشترە".
ناوەڕاستی مانگی شەش ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕاپـۆرتێکی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا چەندان حاڵەتی خستووەتە ڕوو کە چۆن گروپە چەکدارەکانی ئەحرار ئەلشەرقیـیە، جەیش ئەلشەرقیـیە، سوڵتان موراد، موڵک و ماڵی خەڵکی لە عەفرین دەستیان بەسەردا دەگرن یان وێرانیان دەکەن.
ڕێکخراوی Human Rights Watch دەڵێت ئەمانەی کراون دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوە. پاشان داوا لە تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن دەکات قەرەبووی ئەو خەڵکەی عەفرین بکەنەوە و ڕێگەیان پـێبدەن بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکەیان و موڵک و ماڵەکانیان ڕادەستبکەنەوە.