ئۆفیسی فەرمانڕەوای هەرێمی سەریپولی باکوری ئەفغانستان دەڵێت چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی یەکێک لە سەرکردەکانی تاڵیبان لە هەرێمەکەیاندا و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 15 کەس کوژراون و 5 کەسی دیکە برینداربوون.
زەبیحوڵڵا ئامانی گوتەبێژی ئۆفیسەکە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند 2 چەکداری داعش ئەمڕۆ سێشەممە خۆیان کردووە بە ماڵی سەرکردەیەکی تاڵیبان و دەستیانکردووە بە تەقەکردن.
هێرشەکە لە ناوچەی سەیدی هەرێمی سەریپول کراوە، ئەمەش پاش چەند ڕۆژێک لە هەڵگیرساندنی شەڕ و پـێکدادان لە نێوان چەکدارانی تاڵیبان و داعش لە هەرێمەکانی باکوری وڵاتەکە.
لە لایەکی دیکە عەتاالله خۆگیانی گوتەبێژی هەرێمی نەنگەهار گوتی دوێنێ دووشەممە بە هێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان سەرکردەیەکی داعش کوژراوە کە ناوی سابا گولە و بە محەمەد ئەلخوراسانی ناودەبرێت. گوتیشی ناوبراو بەرپـرسە لە کوژرانی سەدان کەس و پـێشتر تاڵیبان بووە و لە پاش سەرهەڵدانی داعش لە کۆتایـیەکانی ساڵی 2014 پەیوەندی بەم گروپەوە کردووە.