شاندی ئاشتی سەرۆکایەتی ئەفغانستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ڕێبەرانی سیاسی و خێڵەکی ئەفغانستان لە مانگی داهاتوو کۆبونەوەیەکی گەورە ئەنجام دەدەن کە بە "لۆیا جرگە" ناسراوە بۆ تاوتوێکردنی وتووێژەکان لەگەڵ تالیبان.
محەمەد عومەر داودزایی لە وتارێکی تەلەفیزیۆنتدا ڕایگەیاند ئەو کۆبونەوەیە بە مەبەستی ڕێککەوتنە لەسەر کڵێشەی کارکردنی حکومەتی ئەفغانستان بۆ بەشداریکردن لە وتووێژی ئاشتی لەگەڵ ئەو یاخیبوانەی کە بە شێوەیەکی کاریگەر نزیکەی نیوەی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
هەتا ئێستا تالیبان وتووێژی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کابول ڕەتکردۆتەوە بەڵام لەگەڵ ئەمەریکادا لە وتووێژدایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 17 ساڵە لە ئەفغانستان. داودزایی گوتی لۆیا جەرگا مشتومڕ لەسەر بەهاکانی حکومەت و هێڵە سورەکان دەکات.
ئەو گوتیشی زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئەفغانی دەیانەوێت وتووێژەکانی نێوان ئەمەریکا و تالیبان ڕێگە خۆش بکەن بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لە نێوان تالیبان و حکومەتەکەی سەرۆک ئەشرەف غەنی. ئەو گوتیشی ئەمەریکاییەکان و تالیبان ڕێککەوتوون لەسەر پرنسیپی کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا بەڵام تەنها لە کاتێکدا کە بگەن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی کە پشتیوانی گشتی هەبێت.
داودزایی لە میانەی قسەکانیدا لە ڕێوڕەسمێکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی ئەفغانی گوتیشی فشاری لەشکری و دیپلۆماسی هەرێمیش لەبەردەستدان بۆ قائیلکردنی تالیبان تا وتووێژی ڕاستۆخۆ لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا بکات.
جۆن باس باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە هەمان ڕێوڕەسمدا ڕایگەیاند، واشنتن هیوادارە ئاماژە بەو دەستکەوتانە بکات کە هەتا ئیستا لە تووێژەکاندا بە دەستهاتوون و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئاماجی کۆتایی " ئاشتی و کەرامەتە" بۆ گەلی ئەفغانستان.
سیما سەمەر بەرپرسی کۆمسیۆنی مافەکان هۆشداری ئەوەی دا بەکارهێنانی مافەکانی مرۆڤ بۆ دەستکەوت لە وتووێژەکان دەبێتە مایەی بنکۆڵکردنی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی.
تالیبان لە ساڵی 1996 وە لە ژێر یاسایەکی زۆر توندی ئیسلامی حوکومڕانی ئەفغانستانی دەکرد هەتا ئەو کاتەی ئەمەریکا لە پاش ڕووداوەکانی 11 ی سپتەمبەر ئەفغانستانی داگیرکرد. زۆر کەس مەترسی ئەوەیان هەیە ڕێککەوتنی ئاشتی ڕەنگە ببێتە مایەی گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات و ئەو ئازادییەی لە پاش 2001 وە بەدەست هاتووە لە ناو بچێت.