Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان ڕۆژی نێونەتەوەیی کچانی منداڵ بەرز ڕادەگرێت


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕۆژی جیهانی کچانی منداڵ بەرز ڕادەگرێت و بەڕۆژێکە بۆ بایەخپێدانی توانایی و هێزی کچان لە سەرانسەری جیهاندا، ناودێری دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەم ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە؛ ڕۆژی نێونەتەوەیی کچانی منداڵ ڕۆژێکە بۆ تیشک خستنە سەر پێداویستییەکانی کچان و ئەو کێشە و گرفتە تایبەتانەی دەشێت ڕووبەڕوویان ببنەوە و ڕۆژێکە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەی بۆ دابین کردنی پێویستییەکانیان دەدرێن و هەروەهاش مافەکانیان دابین بکرێت لەو ڕوانگەیەوە نا، کە کار بۆ بەرژەوەندییەکانیان دەکرێت بەڵکو لە ڕوانگەی هاوبەشییەوە لەگەڵیاندا.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان ئاماژەش بەوە دەکات کە بەرەوپێشچونێکی زۆر لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هاتۆتە ئاراوە بۆ پاراستنی تواناییەکانی کچان بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی تەندروستییەکی باش، بەڵام وەک دەڵێت"هێشتاش کاری زیاتر ماوە بکرێت بۆ بەرەوپێشچونی زیاتر، بە تایبەتیش کە دەبینرێت هێشتا ساڵانە 12 ملیۆن کچ لە جیهاندا لەژێر تەمەنی 18 ساڵییەوە، هاوسەرگیرییان پێدەکرێت و لە هەر پێنج کچ یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبێتەوە. لە ڕۆژهەڵات و باشوری ئافریکا، نزیکەی لە سەدا هەشتای توشبوون بە ڤایرۆسی ئێیدز لەناو نەجەواناندا لە کچاندایە."

دروشمی ئەمساڵی 2020ی ڕۆژی جیهانی کچانی منداڵ بریتییە لە "دەنگم و ئایندەی هاوبەشمان"ە.

لەم ساڵیادەدا، ڕێکخراوی جیهانی تەندروستی بەشداریکرد لە ڕێکخستنی دیالۆگی نێوان نەوەکاندا، نێوان داکۆکیکاران لە کچان و ڕێبەرانی ئاست بەرزی وڵاتاندا، سەبارەت بە کچان و مافەکانیان لەناوجەرگەی پرۆسەکانی بڕیارداندا.

لوبیندا، کچێکی تەمەن 15 ساڵی خەڵکی وڵاتی زامبیایە و سەرنجی ئەم بۆنەیە و دیالۆگەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا کاتێک وتی "ئەگەر دەرفەت بدرێتە هەموو منداڵێک تا ڕای خۆیان بڵێن لەسەر ئەو دۆسێیانەی کاریگەرییان لەسەر ژیانیان هەیە، ئەوا دەتوانین دەنگێکی گەورەمان هەبێت بۆ نوێنەرایەتیکردنمان."

دکتۆر تێدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت "تەندروستی و خۆشگوزەرانی کچان ئەرکی سەرەکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییە، پێویستە هەموومان پێکەوە کار بۆ ژیان و تەندروستی کچان بکەین و دەبێت کچان خۆیشیان لە نێوەندی ئەم هەوڵانەدا بن. خۆشحاڵم بەوەی ڕایدەگەیەنم کە بەم زووانە ئەنجومەنێکی گەنجان پێکدەهێنین تا بەشدار بن لەگەڵ ڕێبەرایەتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهاندا لەسەر دۆسێ جیهانییەکانی تەندروستیدا."

لە سەرەتای ئەمساڵی 2020دا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و هەروەها یونیسێف هەوڵێکی هاوبەشیان ڕاگەیاند بە ناوی ئایندە بۆ منداڵانی جیهان و تیایدا داواکراوە منداڵان و گەنجان بەشدارییان هەبێت لە بڕیاردان و داڕشتنی ڕێبازەکانی کاریگەرییان هەن بەسەر تەندروستی و بەسەر ئایندەشیانەوە.

XS
SM
MD
LG