بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ زیاتر لە 35 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە لە ڕێی وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بۆ ئەو ڕێکخراوانەی شوێنی نیشتەجێبوون دابین دەکەن بۆ ڕزگاربوون لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
لە مەڕاسیمێکی تایبەتی لە کۆشکی سپی، کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەدەچێت، بەفەرمی ئەم کۆمەکە بۆ ئەو ڕێکخراوانە ڕادەگەیەندرێت. بڕیاریشە ئەو مەڕاسیمە بە ئامادەبوونی ولیام بار، وەزیری داد و ئیڤانکا ترامپ، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی و کاربەدەستانی تری بەڕێوبەرایەتی و ژمارەیەک لە ڕزگاربووان لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی یارمەتییان دەدەن، بەڕێوەبچێت.
کۆشکی سپی دەڵێت 73 ڕێکخراو لە 33 ستانی ئەمریکادا سودمەند دەبن کە بۆ ماوەی 6 تا 24 مانگ یارمەتی ڕزگاربووەکان دەدەن بۆ نیشتەجێبوون و ئەو خەرجییانەی پەیوەندییان هەیە بە نیشتەجێکردنەوە و هەروەهاش بۆ یارمەتیدانیان بۆ دۆزینەوەی کار.
ئیڤانکا ترامپ دەڵێت، پەتای کۆرۆنا وەهای کردووە کە دابین کردنی شوێنێکی پارێزراو بۆ نیشەجێکردنی ئەوانەی لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ڕزگاریان بووە، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویست بێت.
سەرۆک ترامپ لەوەتای پۆستەکەی وەرگرتووە، هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردنی بە مرۆڤەوە داوە و بۆ ئەو مەبەستەش ڕاوێژکارێکی تایبەتی دەستنیشان کرد.
بە هەمان شێوە، ئیڤانکای کچی سەرۆک ترامپ، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوەی کردۆتە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی.
ئیڤانکا، بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە "کۆیلایەتییەکی هاوچەرخ" ناودێر دەکات و جەختیش دەکاتەوە لەوەی کۆشکی سپی وابەستەی لەناوبردنی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە.